له‌وه‌ته‌ی فامم كردووه هه‌ست به بێباكی و نابه‌رپرسیاری هه‌ندێك له دایك و باوك ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر به منداڵه‌كانیان، ده‌مێكیشه پرسیارێك ده‌مگرێت و وه‌ڵامه‌كه‌یم ده‌ست ناكه‌وێ، ده‌مه‌وێ بزانم كاتێك ژن و مێرد ناتوانن دایك و باوك بن، بۆ ڕێگه ده‌دن منداڵیان ببێت؟ بۆ بێتاوانێك دێننه دنیاوه و تووشی هه‌زار تاوانی ده‌كه‌ن.
ده‌زانم زۆر له‌وانه‌ی هه‌موو شت ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی خودا وا فێرن و بێ بیركردنه‌وه ده‌ڵێن ئه‌وه خودا ده‌یدات، به‌ڵام خۆ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه له به‌رده‌م ئه‌قڵدا چۆك داده‌دا، خۆ ئه‌گه‌ر خودا خۆی منداڵ به دوو هاوسه‌ر ده‌به‌خشێ، بۆ ئه‌وه پێیان نادات په‌روه‌رده‌یه‌كی باشی نه‌كه‌ن و به‌ڕه‌ڵای ناو كۆمه‌ڵگه‌ی بكه‌ن، دواتر پیاوێكی چه‌قۆوه‌شێن یان كچێكی بێمافی دووجار چه‌وساوه به‌رهه‌م بێنن، جارێك به ده‌ست خێزان و جارێكی تریش به‌ده‌ست پیاو. ئاخر ئه‌وه‌نده ته‌مه‌ڵن هه‌موو شت له كۆڵ ده‌كه‌نه‌وه و هه‌واڵه‌ی خوای ده‌كه‌ن، ئه‌ی بۆ له‌وه‌ی تردا پێڕه‌وی رێنوێنی خوا ناكه‌ن كه منداڵ پیرۆزه و له‌شێكی رێكی هه‌یه و به‌ڕێزه‌وه دێته دنیاوه و پێویستی به‌وه‌یه به ئه‌مان و گرنگیدانه‌وه گه‌وره بكرێت تا لایه‌نی كه‌م به مانا ئاینییه‌كه نه‌وه‌یه‌كی ساڵح بێت.
گرنگه بپرسین منداڵمان بۆ چییه و بۆ حه‌ز ده‌كه‌ین ببین به باوان؟، ئه‌مه هه‌ر بۆ خه‌ڵك رازیكردنه یان هه‌ستێكمان هه‌یه بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هێمنتر كه له داهاتوودا به توانای ئه‌و منداڵانه‌ی ئێسته بێته دروستكردن؟ پێم وایه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌م كاته‌دا، هێنانه دنیای منداڵ بارێكی گرانه، چونكه مافی منداڵ به كۆرپه‌ڵه‌یش له‌ناو سكی به‌شێك له دایكه‌كاندا نادرێت، جا بیهێنه به‌رچاوت ئه‌م كه‌سه چی ده‌رده‌چێت كه كه‌وته ناو ژیانه‌وه، ئاخر نه خواردنیان ته‌ندروسته نه چاودێرییان ورد، نه بارودۆخی خێزانیان گونجاوه. ته‌نانه‌ت ئاووهه‌وایش بۆ دووگیانبوون له‌بار نین لێره.
له‌و باكگڕاونده‌وه تێده‌گه‌ین كه به‌شێك له دایك و باوك خۆیان بۆ به‌دبه‌ختی هاتوونه‌ته دنیاوه و بارن به‌سه‌ر خۆیانه‌وه، به‌ڵام سه‌یره له خۆیان ناپرسن بۆچی كه‌سێكی تر وه‌ك خۆیان به‌شمه‌ینه‌ت ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه به‌چی و چۆن گه‌وره‌ی ده‌كه‌ن، ئاخر گه‌وره‌كردن به ئاماده‌كردنی ژوور و كڕینی یاری و هه‌بوونی پاره‌ی شیر و دایبی نییه، به‌ڵكو په‌روه‌رده‌یه.
ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی منداڵ ده‌كه‌ن و پێیان وایه منداڵ رزقی خۆی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت، با له‌گه‌ڵ باوه‌ڕه‌كه‌ی خۆیان بژین، به‌ڵام ئایا په‌روه‌رده‌یه‌كی راست و ته‌ندروست له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت؟ پێم وایه پێویسته هاوسه‌رانی كورد كه حكوومه‌ت جگه له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی حكوومی كه مامۆستاكانی به منه‌ته‌وه په‌روه‌رده ده‌ڵێنه‌وه و چوار نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی منداڵان و چه‌ند سه‌نته‌رێك كه هێشتاش جوان تێناگه‌ن مافی منداڵ چییه و چۆن ده‌درێت، هیچی تری نه‌كردووه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ، لایه‌نی كه‌م ده‌بێت دایك و باوك زیاتر بیر بكه‌نه‌وه، پێش هه‌موو شتێك له‌وه دڵنیابن كه‌سیان ناچار نین به‌دیار ساردی ئه‌وی تریانه‌وه و بێباكی و نابه‌رپرسیاری و بۆڵه بۆڵه‌وه دانیشن، تا ئه‌وكاته‌ی منداڵیان ده‌بێت له بری سۆز و رێز فێری شه‌ڕ و بوغز بێت له‌و دوو كه‌سه‌ی به سه‌رداری خۆی ده‌یانبینێت.
دواتر باس له‌وه بكه‌ن كاتێك ئه‌و منداڵه‌یان بوو، ده‌توانن دایك و باوكێكی باش بن و په‌روه‌رده‌یه‌كی باشی بكه‌ن؟ ئایا هیچ پرسیاریان هه‌یه له نه‌وه‌كانی پێش خۆیان و بیكه‌ن به بنه‌ما بۆ دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی باشتر و ژیاندۆستتر و له كۆتادا وڵاتێكی پێشكه‌وتووتر دروست ببێ.
تۆ ئه‌گه‌ر پیاوی یان ژن، دایكی یان باوك، كاتێك بڕیار ده‌ده‌ی ببیت به باوان، ده‌بێت بڕیاری ئه‌وه‌یش بده‌ی خۆت بۆ منداڵه‌كانت ته‌رخان بكه‌ی، چونكه تۆ به‌رپرسی ئه‌و منداڵه‌ی، ناچاری كاری بۆ بكه‌یت باش بیژیه‌نیت و مافی پێ بده‌یت، ده‌بێت له توانای خۆت دڵنیا بیت له بری كارێك دوان بكه‌یت و خۆت ماندووتر بكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بی له جۆریه‌تی ژیانی منداڵه‌كه‌ت.
ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان