ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان
جه‌نابی وه‌زیر ئه‌م كاته و هه‌موو بێ ئاگایییه‌كت باش. ده‌مه‌وێ باسی ژنێكت بۆ بكه‌م نازانم ناویت بیستووه یا نا، ده‌مه‌وێ پێناسه‌ی ڕووخساریت بۆ بكه‌م نازانم پێی ئاشنای یاخۆ نا؟ (سندوس ئه‌حمه‌د) ئه‌و ژنه‌ی له پڕسۆزیی بۆ منداڵانی ئه‌و خانه‌یه‌ی تیایدا منداڵه‌كانی تۆ به باوكی گه‌وره‌ی خۆیان داده‌نێن و جه‌نابت جه‌ژنانه له‌گه‌ڵیاندا پیرۆزی ده‌كه‌ی، ناوی لێ نراوه (دایه سندوس) ڕووخساری ئه‌و ژنه هێنده‌ی ناوه‌كه‌ی پڕه له ژن‌بوون و ته‌ڕ ژیاندۆستی، سندوس نموونه و ناسنامه‌یه بۆ ژنی كورد.
جه‌نابی وه‌زیر، سندوس باڵایه‌كی مامناوه‌ندی هه‌یه، له‌چكه‌كه‌ی قژه جوانه‌كانی داپۆشیوه، هێنده میهره‌بانه ھه‌ست ده‌كه‌ی چاوه‌كانت دابخه‌ی كه بێته به‌رچاوت, به‌ڵام ئه‌سه‌ف نووكی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی تۆ نه‌چووه‌ته سه‌ر په‌ڕی كاغه‌زێك سوپاسێكی بۆ واژوو بكات، له كاتێكدا له ١٩ ساڵ كاركردنی له خانه‌ی بێسه‌رپه‌ڕشتانی هه‌ولێردا "٢٣" منداڵی بێ دایك و باوكی به‌خێو كردووه له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له‌سه‌ر خه‌رجی خۆی.
جه‌نابی وه‌زیر ده‌مه‌وێ وریات بكه‌مه‌وه له‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ت، مرۆڤیی نموونه‌یی و باڵا له‌گه‌ڵت كار ده‌كه‌ن و تۆ پێیان ئاشنا نیت، ژنێك هه‌یه گریانی منداڵه بێكه‌س و فڕێدراوه‌كان ژیر ده‌كاته‌وه، ئازاری بێ دایك و باوكیان ساڕ‌ێژ ده‌كات تا له شه‌قامه‌كاندا نه‌تلێنه‌وه و ببنه تانه به‌سه‌ر تۆ و وه‌زاره‌ته‌كه‌ت و حكوومه‌ته‌كه‌ته‌وه. فرمێسكه‌كانیان بۆ ده‌كات به هیوا و به ئاواز پێكه‌نینان بۆ ده‌چڕێت بۆ دواڕۆژێكی روون، خۆ تێده‌گه‌ن كه گۆڕینی منداڵێكی بێكه‌س و فڕێدراو بۆ مرۆڤێكی ئاسایی گه‌شبین چه‌ند گه‌وره‌یییه، خۆزگه حكوومه‌ت كه هیچی نییه شانازی پێوه بكات، گرنگی به دوو ژنی وا بدایه، ئاخر كۆمه‌ڵگه به‌م دڵسۆزییه پێ ده‌گات و گه‌شه ده‌كات.
ده‌بێت هه‌رگیز بیرتان به لای ئه‌وه‌دا چووبێت فه‌رمانبه‌ر هه‌یه شه‌وانی شه‌و كه هه‌موومان له شیرینی خه‌وداین, ئه‌و له شه‌ونخوونیدا بووه بۆ ژیركردنه‌وه‌ی منداڵێك كه نازانێ كێ و چۆن و بۆ هاتووه‌ته دنیاوه. ده‌زانی كاتێك ئێوه و خه‌ڵكی دنیا خه‌و ده‌بینن له كۆشك و ته‌لار و پله‌ی گه‌وره‌تردان، ئه‌و كه‌ڵه‌ژنه به ئاگایه و له خانوویه‌كی كرێدا خه‌ونی ئه‌وه‌یه كاتێك دێن و منداڵه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌ردێنن، به‌شێوه‌یه‌كی مرۆڤانه ره‌فتار بكه‌ن، به‌ڵام توێژه‌ر هه‌یه ئه‌وه‌یشی پێ ره‌وا نابینێ. تۆ ده‌زانی ئه‌و ژنه‌ی ده‌بێت به دایكی ئه‌و منداڵه دواتر رێی ناده‌ن به ته‌له‌فۆنیش هه‌واڵی بزانێ، بیر بكه‌وه دایكایه‌تی چ هه‌ستێكی گه‌وره‌یه، كه‌چی به‌رده‌وام سندوس ده‌بێت به دایك و دواتر منداڵه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌ردێنن.
من له چاوی ڕۆژنامه‌نووسێكی یه‌كلادیده بۆت نانووسم، دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه كه دڵسۆزییه‌كانت بۆ باشتركردنی هه‌موو گۆشه‌یه‌كی سنووری كاره‌كه‌ت ده‌زانم, بیرمه یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژن له كاتی بوونت به وه‌زیر كاتێك وێنه‌ی تۆ و هاوژینتم بینی له‌ناو منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت نانی به‌یانیتان ده‌خوارد، هه‌ڵوێسته‌كه‌ت خستمیه گریان و له دڵه‌وه سوپاسم كردی. وه‌ڵام نه‌گه‌یشت وه‌ك ئه‌و سوپاسه‌ی تۆ كه ناگاته دایه سندوس.
نازانم تۆ هه‌ستی بێ باوكی دیوه یا نا و هیوای سه‌لامه‌تیتان بۆ ده‌خوازم، به‌ڵام دایه سندوس له بێ باوكی‌دا گه‌وره بووه، دواتر قه‌ده‌ری ژیانیشی وا كه‌وته‌وه خۆیشی چوار منداڵی خۆی به بێ باوكی گه‌وره بكات و بۆ ٢٣ منداڵی تریش بووه به دایك و باوك، نامه‌وێت پێت بڵێم ئه‌و ژنه مه‌زنه شایه‌نی چییه، به‌ڵام ده‌ڵێم به‌راوردێك بكه له نێوان خزمه‌تی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی كه زۆرجار وه‌زاره‌ته‌كه‌ت تا لووتكه‌ی نغرۆبوون ده‌به‌ن و خوا بۆت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
له مێژووی خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتاندا، چه‌ند ساڵ جارێك وه‌زیرێك دێت و ده‌ڕوات و هه‌موو شتێكی خۆی و ده‌وروبه‌ری ده‌ڕازێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆ به پڕ شكۆیه‌وه ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌و كارانه‌یه كه (دایه سندوس)ه‌كان ده‌یكه‌ن، بۆیه جێی داخه هه‌ر وه‌زیره و دێت و ده‌ڕوات، شكۆی ژنێكی زۆر به‌رز به به‌رزی ڕاناگرن.
له‌م سه‌رده‌می خۆخۆری و راكردن له به‌رپرسیارێتی و ده‌وام نه‌كردنه‌دا كه مرۆڤ خۆیشی بووه به بار به‌سه‌ر خۆیه‌وه، جه‌نابی وه‌زیر كه‌سێك نه‌وه‌كانی دواڕۆژت بۆ كۆ ده‌كاته‌وه و له‌سه‌ر جوانترین بنه‌ما په‌روه‌رده‌یان ده‌كات، بۆیه شایه‌نی فه‌رامۆشكردن نییه، من ناڵێم په‌یكه‌ری بۆ بكه‌ن با نموونه‌ی ژنی خۆبه‌خش و هاوشێوه گه‌شه بكات و میله‌ته‌كه‌مان جوان ببێت، به‌ڵام ئه‌و بێباكی نه‌ناسینه‌ی تۆیش زۆر شۆكهێنه‌ر و بێزاركه‌ره. بۆیه تكایه چاو بكه‌نه‌وه و وه‌رنه ده‌ره‌وه له ژووره‌كانتان و بۆ ئه‌و توانا و لێهاتوویییانه بگه‌ڕێن، په‌ره‌یان پێ بده‌ن و بیانكه‌ن به نموونه و رێزیان بگرن، ئه‌مان ده‌توانن وا بكه‌ن خه‌ڵكی تر چاویان لێ بكات، خۆ چی ده‌بێت با له شتێك‌دا مرۆڤ چاو له مرۆڤێكی باشتر بكات. بۆ ده‌بێت هه‌موو شتێكمان خراپ بێت، ئه‌مه چ قه‌ده‌رێكه.
بابەتی پێوەندیدار:
ژنێكی كورد ٢٣ منداڵی بێسه‌رپه‌رشتی به‌خێو كردووه و وه‌زیری كار نایناسێ