میلیشیاكان نابێ هێڵی سوور ببەزێنن
ئەمەریكا هۆشداری توند بە حكوومەتی بەغدا دەدات

:: AM:11:55:22/11/2016 ‌

شەوی ڕابردوو جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام داوە و هۆشداری پێداوە لە پێشێلكارییەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە شكاندنی هێلە سوورەكان ئاگەداری كردووەتەوە، كە مەرجی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق پێیانەوە پەیوەستە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم ڕایگەیاند، بایدن پێوەندی بە عەبادی كردووە و بەیەكەوە تاوتوێی هێرشەكانیان بۆ ڕزگاركردنەوەی مووسڵ و هەماهەنگی و هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق دووپات كردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی داوە، كە بایدن هۆشداری داوەتە عەبادی، لە مەترسی پێشێلكارییەكان و دەرچوونی میلیشیاكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی فەرماندەیی هێزەكانی مووسڵ، داوای لێ كردووە كە هیچ كات رێگە نەدرێ میلیشیاكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەربچن و گەمارۆی شارۆكەی تەلەعفەر بدەن، عەبادی ئاگەداركردووەتەوە كە بە پەلە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

بەگوێرەی رێككەوتنەكان، میلیشیاكان نابێ بچنە نێو شارۆكەی تەلەعفەرەوە و ئەفسەرێكیش لە فەرماندەی هەڵمەتەكانی رزگاركردنەوەی نەینەوا ئاشكرای كرد، كە میلیشیاكان نزیكن لە تەلەعفەر و خەڵكی ناوچەكە ترسیان لێ نیشتووە كە میلیشیاكان هێرش بكەنە سەر شارەكەیان. 

سەرچاوە/ ئەلعربی ئەلجەدید.


وشە - باز ئه‌حمه‌د