پەیكەرێك بۆ كەریمی ئەلەكە دروست دەكرێت

:: PM:04:54:27/04/2020 ‌
چێنەر نزار هونەرمەندی پەیكەرساز، بە بەرزیی سێ مەتر، پەیكەرێك بۆ كەریمی ئەلەكە كەسایەتیی خێرخوازی شاری سلێمانی دروست دەكات.

سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی ئەو پەیکەرە، چێنەر نزار بە "وشە"ی گوت، كارێكی نوێم بۆ كەسایەتییەكی گرنگی نێو مێژووی كورد کردووە کە پڕاوپڕە لە مرۆڤبوون،  ئەم كارەش لەسەر ئەركی دكتۆر تەها رەسووڵ جێبەجێ كراوە.

لەبەر رێز و خۆشەویستی ناوی باوكیان گۆڕیوە بە ئەلەكە
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، پەیكەرەكە بەرزیەكەی 130 مەترە و بە بنكەكەیەوە سێ مەترە، هەروەها بە هاڕاوەی بەرد ڕووپۆش كراوە و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لە شوێنێكی گونجاو لە سلێمانی دابنرێت.

كەریمی ئەلەكە كێیە؟
‎ناوی عەبدول كەریم كوڕی ئەلیاسە، لەبەر رێز و خۆشەویستی ناوی باوكیان گۆڕیوە بە (ئەلەكە) و بەم جۆرە بۆتە كەریمی ئەلەكە، لەسەر ئایینی باوک و باپیرانی كە مەسیحی بوون رۆیشتووە، سەرەتای ژیانی بە بازرگانی دەستی پێ كردووە و وەك بازرگانێكی ناودار و ناسراو لەناوچەكانی كوردستانی عێراق و ئێران كاری كردووە، لەحكومەتەكەی شێخی نەمردا وەزارەتی دارایی پێسپاردووە، پیاوێكی زۆر زیرەك و تێگەیشتوو بووە، هەر كە هەستی كردووە جەنگی یەكەمی جیهانی روودەدا، دەغڵودانێكی زۆری عەمباركردووە و لەرۆژانی گرانیی و نەبوونیدا بەپارەیەكی كەم بە هەژارانی فرۆشتۆتەوه. 
‎ 
دوا ساڵەكانی ژیانی لە بەغدا بردۆتە سەر و لەساڵی 1948 گیانی سپاردووە و لەگۆڕستانی (كاسۆلیك) لەبەغدا نێژراوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - سه‌رخێڵ هاشم