گورگە بۆرەكەی تورك لە دوو یاری دەركرا

:: AM:08:50:05/07/2024 ‌
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، یوێفا بۆ ماوەی دوو یاریی داهاتوو، مەریح دەمیرال، یاریزانی توركیا لە یاریكردن ڕادەگرێت، ئەوەش لەبەر  ئەوەی ئاماژەی "گورگە بۆرەكان"ـی لە یاری ڕابردوو بەكارهێنا.

گورگە بۆرەكان كێن؟

گورگە بۆرەكان بە توركی  Bozkurtlarپێدەگوترێ، ئەم ڕێكخراوە و بزاڤێكی ڕاستی توندی سەر بە پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستە. لقی گەنجانی گورگە بۆرەكان، پێوەندییەكی قووڵیان لەگەڵ حزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی توركیا هەیە و وەك هێزەكانی ئەم حزبە دەناسرێن.

ئەم ڕێكخراوە لە كۆتایی دەیەی 1960  لەلایەن سەرهەنگێكی تورك بە ناوی ئاڵپ ئەرسلان توركەش دامەزرا. گورگە بۆرەكان لە توندوتیژیی سیاسی كۆتایی دەیەی 1970ی توركیا بەشدارن، ئەم رگرووپە وەك گرووپێكی مەرگ پێناسەیان دەكەن كە زۆربەی توندوتیژی و كۆمەڵكوژییەكانی ئەم چەند دەیەیەی توركیایان ئەنجام داوە.

بەدناوترین هێرشیان كە زیاتر لە 100 كەسی عەلەوی تێدا كوژرا، كۆمەڵكوژیی مەرعەش لە كانوونی یەكەمی 1978 بوو. هاوكات دەگوترێت كە لە كۆمەڵكوژی مەیدانی تەقسیم لە ڕۆژی یەكەمی مانگی ئایاری 1977 دەستی ئەوانی تێدا بووە.

 لە ساڵی 1981 یەكێك لە ئەندامانی گورگە بۆرەكان بە ناوی محەممەد عەلی ئاغجا دەیویست پاپ جۆن پۆلی دووەم تیرۆر بكات، بەڵام كارەكەی سەری نەگرن،. گورگە بۆرەكان لەلایەن وڵاتان و ڕۆژنامەوانان وەكوو گرووپێكی تیرۆریستی دەناسرێت، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا كارەكانیان بەفەرمی قەدەغە كراوە.




وشە - سۆران عەزیز