بەم هەینییە هەوڵی كودەتایەك شكستی هێنا

:: PM:12:30:05/07/2024 ‌
دەستەی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی قیرغیستان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، كە گرووپێك بە هاوكاریی هێزێكی سەربازی لەنێو وڵاتەكەدا، هەوڵی كودەتایاندا.

ئەمڕۆ هەینی 5/7/2024، دەستەی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی قیرغیستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە گرووپێك بە هاوكاریی هێزێكی سەربازی لەنێو وڵاتەكەدا، هەوڵی كودەتایان دا تا دەست بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی قیرغستاندا بگرن، بەڵام هەوڵەكە شكستی هێنا و ئەندامانی گرووپەكە دەستبەسەر كران.

پێشتریش ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی كردەوە، بەرپرسانی تەناهی بەهۆی هەوڵی كودەتاكردن لە قیرغزستان، 30 كەسیان گرت.

قیرغستان وڵاتێكە كەوتووەتە ناوەندی كیشوەری ئاسیا و هیچ سنوورێكی ئاوی نییە. ئەم وڵاتە لە باكورەوە لەگەڵ كازاخستان، لە رۆژهەڵات لەگەڵ چین، لە باشوور لەگەڵ تاجیكستان و لە رۆژئاوا لەگەڵ ئۆزباكستان هاوسنوورە. 

پایتەخت و گەورەترین شاری ئەو وڵاتە بیشكەكە و بەپێی دواین سەرژمێری كە لە ساڵی 2009 لەم وڵاتە ئەنجام دراوە، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە پێنج ملیۆن و 957 هەزار كەس، زمانەكەیان لقێكی زمانە توركییەكانە و لە پاڵ زمانی قیرغسی زمانی رووسیش لەم وڵاتە بەفەرمی ناسراوە.

هەرچەندە لەم وڵاتە كۆمەڵێك سەرچاوە و كانی زێڕ، یورانیۆم و كانزای نایاب هەیە، بەڵام ئابووریی وڵاتەكە زیاتر پشت بە بازرگانی دەبەستێت، نزیكەی یەك ملیۆن لە شەش ملیۆن دانیشتووانی قیرغستان لە رووسیا كار دەكەن و رووسیا لە ساڵی 2013 سەرووی 500 ملیۆن دۆلاری دایە ئەم وڵاتە تا درێژە بە مانەوەی سەربازییەكانی رووسیا لەم وڵاتە بدرێت، گوشاریشی خستبووە سەر قیرغستان تا كۆتایی بە بوونی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا لەم وڵاتە بهێنێت.

زۆربەی دانیشتووانی قیرغستان مسوڵمانن و 17% لە دانیشتووانیان لە كریستیان پێك دێن. سوپای ئەو وڵاتە زۆر بەهێز نییە و ژمارەی سەربازەكانی دەگاتە 20 هەزار كەس. ئەوان خاوەن چەكی پێشكەوتوو نین. وڵاتەكە لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دراوسێی كێشەی سنووری هەیە و ناوچەی جێناكۆكی لەگەڵ وڵاتان هەیە و دەیان ساڵە ئەم كێشانە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.





وشە - سۆران عەزیز