بەهۆی خواردنى پیتزاوە و دوو منداڵ مردن و چەندانیش نەخۆشكەوتوون

:: PM:02:41:05/07/2024 ‌
كۆمپانیایەكی فەڕەنسی بۆ دابینكردنی بەرهەمە خۆراكییەكان تۆمەتبار كراوە بە كوشتنی دوو منداڵ و نەخۆشكەوتنی چەندانی تر.

ئەمڕۆ هەینی لقی فەڕەنسی كۆمپانیای "نێستلە" ئاشكرای كرد، دەسەڵاتی دادوەری ناوخۆیی لە لێكۆڵینەوەیەكدا سەبارەت بە پیسبوونی بەرهەمەكانی پیتزای بەستووی ماركەی بویتۆنی، بە بەكتریای ئێشێریچیا كۆلای كۆمپانیاكەی تۆمەتبار كردووە، كە گومان دەكرێت هۆكاری مردنی دوو منداڵ بێت.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمە زیانێكی زۆری بە بازاڕی پیتزای بەستوو گەیاندووە،"هیچ بازارمان نەماوە".
تۆمەتەكە ئاڕاستەی لقێكی سەر بە كۆمپانیای "نێستلە" كراوە كە كارگەیەك لە شاری كودری باكوری فەرەنسا بەڕێوە دەبات، هەر لەوێش پیتزای لێ دروست دەكرێت.

گوتەبێژی "نێستلە"ی فەرەنسا ڕای گەیاندووە، تۆمەتەكان بریتین لە هۆكاری گیان لەدەستدان و برینداربوونی بێ مەبەستی چەندان منداڵ بەهۆی بەرهەمەكانی كۆمپانیاكەوە.

 ئاژانسی فرانس پرێس هەوڵیداوە پێوەندی بە فەرمانگەی داواكاری گشتی لە پاریسەوە بكات بۆ ئەوەی لێدوانێك وەربگرێت، بەڵام هیچ زانیارییەكی دەستنەكەوتووە.




وشە - سۆران عەزیز