چەند شەپۆلێكی تری خۆڵبارین و گەرما بەرێگەوەیە

:: PM:07:16:17/05/2022 ‌

پێدەچێت ئەم هاوینە بۆ عێراق تەنگژە و كارەساتی تر لەخۆی بگرێت، دوور لە تەنگژە دروستكراوەكانی وەك كەمیی خزمەتگوزاری و كارەبا، دوای تەنگژەی كۆرۆنا، كە ماسكی بە هەمووان بەست، خەریكە خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما تێكەڵ دەبن و تەنگژەیەكی تر دروست دەكەن و نابێت ماسك لە دەموچاوی عێراقییەكان لابچێت، پێشبینییەكانی كەشوهەوا دڵخۆشكەرنین.

عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتی كەشناسیی عێراق رای گەیاند كە ئەو نزمە پاڵەپەستۆی وەرزییەی لە ناوەڕاستی مانگی ئایار لەسەر خاكی هیندستانەوە دروست بووە، بریتییە لە بارستەی هەوای گەرم و خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دروست دەكات، بەتایبەتی لە ناوچەكانی باشووری عێراق، كە بەر لە ساڵێك و دوو ساڵ پلەكانی گەرما گەیشتە 50 بۆ 53 پلەی سەتی.    
زیاتر گوتی، ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە بە ناوچەی شام و نیوچە دوورگەی عەرەبی و عێراق تێپەڕ دەبێت، ساڵانەیش دەزگای كەشناسی هەمووان لە مەترسییەكانی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە ئاگەدار دەكاتەوە، ئاشكرای كرد، بەهۆی ناجێگیریی كەشوهەوا ناتوانرێت بە وردی روودانی رەشەبای خۆڵبارین بزانرێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە ماوەی ئەم هاوینەدا خۆڵبارین بەردەوام بێت، ئەویەش بەهۆی كەمبارانی و نەبوونی پشتێنەی سەوزایی و رووبەری رووكی و كەمی ئاو، كە هەروەها ئەو هۆكارانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمایش. 

لای خۆیەوە نائل علی، چاودێری كەشناسی پێشبینی خۆی راگەیاند و گوتی، پێشبینی دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەتایبەتی شەوی یەكشەم یان رۆژی دووشەم، رەشەبایەكی بەهێزی خۆڵبارین عێراق بگرێتەوە، ئەوە لەو كاتەی لە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەمەوە شەپۆلێكی خۆڵبارین زۆرینەی پارێزگاكانی عێراقی گرتەوە و بووە هۆی راگەیاندنی پشوو لە ژمارەیەكیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل