منداڵ تووشی ئاوڵەی مەیموون دەبێت؟

:: PM:09:49:06/08/2022 ‌

تا ئێستە زیاتر لە 18 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لە دنیا تۆمار كراوە، ڤایرۆسەكە زیاتر لەناو هاوڕەگەزبازان و پیاوانی پێگەیشتوودا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی ژنان و منداڵان چی؟

رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەر لە چەند رۆژێك رای گەیاند كە زیاتر لە 80 حاڵەتی تووشبوون لە منداڵان تۆمار كراوە، ئەوان لە ماڵەوە لە ئەنجامی بەریەككەوتن لەگەڵ تووشبووانی تر تووشی بوونە، بۆیە شارەزایانی رێكخراوەكە بە گرنگییەوە سەرنجیان خستووەتە سەر ئەو بابەتەوە.
نیشانەكانی تووشبوون لە منداڵ هەمان نیشانەی تووشبوونی گەورەكانە
ناوەندەكانی كۆنترۆلكردنی نەخۆشی و خۆپاراستن لێیان باسی ئەوە دەكات، دەكرێ منداڵانی خوار تەمەنی هەشت ساڵ زیاتر بكەونە ژێر مەترسیی تووشبوون بە كاریگەرییەكانی ئەو پەتایە، ئەوەیش بەهۆی لاوازیی سیتسمی بەرگری لەشیان، د. ویلیام شافنەر، شارەزای نەخۆشییە بڵاوبووەوەكان لە ئەمەریكا دەڵێت، حاڵەتەكانی تووشبوونی منداڵان زانیاری زیاترمان لەبارەی ئەو پەتایە پێ دەدات.

روونی كردەوە، دەكرێ زانیاری زیاترمان لەبارەی رێگەی تری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بۆ فەراهەم بكات، ئەگەرچی زانیارییەكان لەبارەی ئەو حاڵەتانە زۆر نین، بەڵام ئەگەری هەیە ئەوان لە رێگەی بەركەوتنیان لەگەڵ كەسانی تووشبوو، وەك باوكیان لە رێگەی لەئامێزكردن و ماچەوە بۆ ئەوان گوازرابێتەوە، یان لە رێگەی هەناسەوە و نیشانەكانیشی هەمان نیشانەكانی تووشبوونی گەورەكانە.

بە گشتی گواستەوەی ڤایرۆسەكە تا ئێستە بەشێوەیەكی سەرەكی لە هاوڕەگەزبازانە، كاتێك زۆرینەی حاڵەتەكانی تووشبوون لەوانن، بەڵام كە كەسێك تووشی دەبێت دەكرێت لە رێگەی بەركەوتنی پێستی بۆ خەڵكی تری بگوازێتەوە، یان لە رێگەی هاوبەشیكردن خاولی و جلوبەرگ و بەركەوتنی پێست و زیپكەكانی لەشی و لەئامێزكردنیش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل