وردەكاری هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:53:07/08/2022 ‌

لە 28ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بە چەند كاتیۆشایەك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كرایە ئامانج، بەو هۆیەوە زیان بە فڕۆكەیەكی هیڵی ئاسمانی عێراق كەوت، لە یەكەم هێرش كە راستەوخۆ فڕۆكەخانەكە بكاتە ئامانج، لە چوارچێوەی زنجیرەیەك هێرشی هاوشێوە كە میلیشیاكان بەناو و مەبەستی جیاوازە كردیانە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.
ئەمڕۆ سزای گرتنی تاهەتایە بۆ هەر چوار تۆمەتبارەكە دەرچوو
ئەوكات چەند سەعاتێك لە دوای هێرشەكە و لە رێگەی پشكینی كامێراكانی چاودێری و زانیاری هەواڵگرییەوە، هێزە تەناهییەكانی عێراق كەسێكیان بەناوی ئەكرەم مەحموود راشد قەیسی گرت، لە دایكبووی ساڵی 1984ە و خەڵكی شارۆكەی ئەبو غرێبە لە بەغدا، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە ئەو كەسە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە بۆ كردنەئامانجی فڕۆكەخانەكە ئامادە كراوە.  

بەپێی لێكۆڵینەوەكان قەیسی ئەركی گواستنەوەی ئەو ئۆتۆمۆبێلەی پێ سپێردراوە كە سەكۆی هەڵدانی مووشەكەكانی هەڵگرتووە، هەروەها هەڵدانیان بە ئاراستەی فڕۆكەخانەكە، لەو ساتەوە دادگای عێراقی دەستی بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ قەیسی كردووە، كە زانیاری دركاندووە و وای كردووە هێزە تەناهییەكان دەستیان بگاتە سێ كەسی تر. 

لە كاتی لێكۆڵینەوەكان گرووپە چەكدارەكان هەوڵیان دا هێرشی میدیایی بكەنە سەر دادگای عێراقی، وەك هەوڵێك بۆ دروستكردنی گوشار و دوورخستنەوەی تۆمەتباران لە سزادانیان بەهۆی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە.

بەپێی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ یەكشەم دادگای كەرخ سزای گرتنی تاهەتایەی بۆ هەر چوار تۆمەتبارەكە بە بۆردمانكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەركرد، ئەوەیش یەكەم سزایە لە دژی ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەكە دەربچێت.

بەپێی سەرچاوەیەك ئەو سزایەی ئەمڕۆ یەكەم نییە لە دژی ئەندامانی میلیشیاكان دەربچێت، بەڵام یەكەمە پێوەست بە هێرشی مووشەكی بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا، پێشتریش سزا لە دژی ئەندامانی میلیشیاكان بە تۆمەتی تر دەرچووە، ئێستەیش كار لەسەر لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنی ئەندامی تری تۆمەتبار بە دۆسیەی تر بەپێی بەڵگە و دداننانیان دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل