ئەمڕۆ دوو تەقینەوە لە كەركووك روویان دا

:: AM:11:33:11/08/2022 ‌
سەرچاوەییەكی تەناهی لە كەركووك رای گەیاند، لە دوو شوێنی جیاواز لە پارێزگای كەركووك، تەقینەوە روویان داوە و بەهۆیانەوە چەند كەسێك بریندار بوون.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەیەكی بەرپرسی تەناهی لە پارێزگای كەركووك رای گەیاندووە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە پارێزگاكەدا دوو تەقینەوە روویان داوە، بەهۆیانەوە سێ كەس بریندار بوون.

زیاتر روونی كردووەتەوە، لە گوندی جەبغانی سەربە شارۆكەی داقووق، بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی برینداربوونی شۆفێرەكەی. هاوكات لە گەڕەكی "حیسابات"ی ناو شاری كەركووك، ماتۆڕسوارێك بۆمبێكی دەستیی فڕێ داوەتە ناو ماڵێك، بەهۆیەوە دوو ئەندامی ماڵەكە بریندار بوون.

كەركووك لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە نیوەی ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان كوردستان و عێراق كەوتنەبەر هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، دۆخی تەناهیی كەركووك باش نییە و زۆرجار كردەی تەقینەوە و كوشتن و رفاندن لەو ناوچانە و شارەكە روو دەدەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د