لیوای شەبەكی حەشدی شەعبی لە بازگەكانی مووسڵ دەكێشرێنەوە

:: PM:07:25:11/08/2022 ‌

بەهۆی ناڕەزایی خەڵكەكە و زۆری سكاڵا لە دژیان، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، بڕیاری كشانەوەی لیوای 30ی شەبەكی حەشدی شەعبی لە ناوچەی دەشتی نەینەوا و رادەستكردنی دۆسییەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەی بە هێزە فیدراڵییەكان داوە.
بەرپرسانی دەشتی نەینەوا كۆ دەبنەوە و تاوتوێی بڕیارەكە دەكەن
وەك سەرچاوەیەك ئاماژەی بۆ كردووە، سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڕیارێكی دەركردووە بە كشانەوەی لیوای 30ی شەبەكی حەشدی شەعبی لە بازگە سەرەكییەكانی دەشتی نەینەوا و هێشتنەوەی سوپا و پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە.  

بەپێی سەرچاوەكە ئەمڕۆ نووسراوێكی سەركردایەتییەكە گشتاندنی بۆ كراوە و فەرماندەی لیواكە خەریكی جێبەجێكردنی بووە، بەڵام وەعەد قەدۆ، پەرلەمانتاری شەبەك، كە پێشتر ئەو فەرماندەی لیواكە بوو، هاتووەتە ناو بابەتەكە و پێوەندی بە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان كردووە بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، چونكە تا ئێستەیش قەدۆ كۆنترۆلی بڕیارەكانی ئەو لیوایە دەكات. 

سەرچاوەكە روونی كردەوە، بڕیارە بەرپرسانی دەشتی نەینەوا ئەم ئێوارەیە كۆ ببنەوە و تاوتوێی بڕیارەكە بكەن، جیا لەوە ئامادەسازی بۆ خۆپێشاندان بكرێت، روونی كردەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان هەوڵی كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی لیوای 30ی شەبەك دەدەن بەهۆی زۆری ئەو قسانەی لەبارەوەی دەكرێت، جیا لەوەیش هەندێك لە بەرپرسانی شەبەك لە دەشتی نەینەوا لە هەڵسوكەوتی فەرماندەكانی لیواكە رازی نین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل