دوو ڕۆژ كات بە پەكەكە دەدرێ‌

:: AM:09:52:14/08/2022 ‌
بەهۆی ڕفاندنی دوو منداڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا، چەند هۆزێكی سنووری ئەو پارێزگایە هەڕەشە لە چەكدارانی پەكەكە دەكەن و تەنیا دوو ڕۆژ كات بە پەكەكە دەدەن.

ڕفاندنی منداڵان لەلایەن پەكەكەوە بەردەوامە و پێشتریش چەندان كەیسی لەو شێوەیە ئاشكرا بووە، دواین كاریشیان ڕۆژی هەینی دوو منداڵ لەلایەن پەكەكە لە سنووری باكوری نەینەوا ڕفێنراون، هۆزە عەرەبەكانیش تەنیا دوو ڕۆژ كاتیان پێ داون.

منداڵەكان تەمەنیان 14 ساڵ و 16 ساڵن
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی ئاب، سەرچاوەیەك لە ناو هۆزە عەرەبەكانی سنووری شنگال، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژی هەینی دوو مێرمنداڵی هۆزە عەرەبەكانی باشووری شنگال لەلایەن پەكەكەوە ڕفێنراون، ئەوەیش ناڕەزایەتی زۆری دروست كردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، منداڵەكان تەمەنیان 14 ساڵ و 16 ساڵن، دوێنێ‌ كاتێك زانراوە لەلایەن پەكەكەوە ڕفێنراون، تەنیا 48 سەعات كاتیان پێ‌ دراوە بۆ گەڕاندنەوەیان، ئەوانیش بەڵێنیان داوە ئەمڕۆ بیانگەڕێننەوە بۆ ناو كەسوكاریان.

باسی لەوەش كرد، ئەوانە منداڵن و ناتوانن بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن، ئەو رەفتارەی چەكدارانی پەكەكە تەواو هۆزە عەرەبەكانی ئەو سنوورەی بێزار كردووە، دوێنێش نامەی هەڕەشەیان بۆ ناردن، بۆیە بەڵێنی گەڕانەوەی ئەو منداڵانەیان دا، ئەگەرنا بڕیاری شەڕیان لە دژ دەردەكرا.

بوونی چەكدارانی پەكەكە لە چەند ناوچەیەك وایكردووە، بە تەواوی هاووڵاتییان بێزار بن و پێشتر چەندان سكاڵا لەسەر ئەو چەكدارانە تۆمار كراون كە تاوانبارن بە ڕفاندنی منداڵان.




وشە - رامیار جەواد