باڵی سەربازی رەوتی سەدر بەیاننامەیەكی دەركرد

:: PM:07:53:31/08/2022 ‌

لە دوای قسەكانی سەدر لە نەجەف كە داوای لە مانگرتوو و خۆپێشاندەران و چەكدارانی سرییەكانی سەلامی سەر بە رەوتەكەی كرد پاشەكشە بكەن، لێرە و لەوێ قسەی زۆر دەكرێت كە موقتەدا سەدر لەژێر گوشار ئەو كارەی كردووە و خەریكە بەرەو لاوازی دەچێت، سرییەكانی سەلامی باڵی سەربازی رەوتی سەدر بەیاننامەیەكی لەو بارەوە دەركرد.

بەپێی بەیاننامەكە، لەسۆنگەی قسەیەكی محەمەد سەدری رابەرمان، كە دەڵێت، بێ گەڕانەوە بۆ حەوزەی زانستی هیچ قسە و كارێك مەكەن، بۆیە وەك خۆشەویستی و پێڕەوكردنی رەوتی موقتەدا سەدری كوڕەكەی، كە بە بەردەوام دووپات لە یەكڕیزی و پابەندی بە گوێڕایەلیی ناوەندی دەكاتەوە، دووپات لە نوێكردنەوەی بەڵێن و پەیمان و گوێڕایەڵی بۆ سەركردایەتییە داناییەكەی و ئەوانەیشی ئەو دیاریان دەكات، دەكەینەوە.
سرییەكانی سەلام بە گوشارەكانی سەر موقتەدا رازین نین
سەركردایەتی سرییەكانی سەلام لە بەیاننامەكە روونی دەكاتەوە، بۆ ئەندامانمان دووپاتی دەكەینەوە كە بەدوای دەنگۆ و ئەو خواستانە نەكەون كە دەیانەوێت یەكێتی رۆڵەكانی رەوتی سەدر بترازێنن، چونكە هێزمان لە كۆبوونەوە و یەكێتیماندایە، بە جیابوونەوەیش لاوازین و دوژمن بۆمان لە مەڵاسدایە.   

دوای ئەوەی دوێنێ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كۆ بوونەوە و داوای دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی تەوافوقیان كرد، ئەمڕۆ ئەبو مستەفا حمێداوی، بەرپرسی گشتی سرییەكانی سەلام، باڵی سەربازی رەوتی سەدر لە تویتێكی كورت نووسیویەتی، حكوومەتێكی تەوافوقی و بە خواستێكی دەرەكی پێكنایەت.

هەر ئەمڕۆ ساڵح محەمەد عێراقی، وەزیرەكەی سەدر نیگەرانی گەورەی رەوتەكەی لە بەرانبەر نیازی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت دەربڕی، هەڵوێستی چوارچێوەی بە قێزەون وەسف كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەگەر پرسە بۆ قوربانیانی ناڕەزایەتییەكان رانەگەیەنن، ئەوە رەوتی سەدر دەبێتە دوژمنی گەورەیان و هەموو شێوازێك، جگە لە توندوتیژی، لە بەرانبەریان وەردەگیرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل