لە كەنەدا 10 كەس بە چەقۆ كوژراون و تاوانبارانیش نەگیراون

:: AM:08:55:05/09/2022 ‌
لە دوو شوێنی جیاوازی كەنەدا، بە چەقۆ هێرشی هەڕەمەكی كراوەتە سەر هاووڵاتییان و 10 كەس كوژراون و 15 كەسیش بریندارن. سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەیش رووداو و هێرشەكە بە مەترسیدار و تۆقێنەر ناو دەبات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم پێنجی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو لە دوو شوێنی كەنەدا، تاوانباران هێرشی هەڕەمەكییان كردووەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و بە چەكی سپی "چەقۆ"، 10 كەسیان كوشتووە، هاوكات 15 كەسیش بریندارن و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە، تا ئێستەیش پۆلیس نەیتوانیوە تاوانباران بگرێت.

ئەو رووداوە كە لە ناوچەی ساسكاچوان و لە دوو گەڕەكی جیاواز "جێمس سمیس و ولدۆن" رووی داوە، پۆلیس 10 تەرمی لە شوێنی جیاوازی گەڕەكەكان دۆزیوەتەوە و 15 كەسیشی بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، سەرجەمیان بە "چەقۆ" لێ دراون. بەڵام تاوانباران هەڵاتوون و تا ئێستە پۆلیس نەیتوانیوە شوێنیان دیاری بكات و بیانگرێت، بەڵام بەدوای دوو گومانلێكراو دەگەڕێن و تا ئێستە نەگیراون.

سەرۆك وەزیرانی كەنەدا جاستن ترۆدۆ لەبارەی رووداوەكەوە قسەی كردووە و بە رووداوێكی مەترسیدار و تۆقێنەر ناوی بردووە. هاوخەمی خۆی بۆ كەسوكاری كوژراوان و برینداران راگەیاندووە. بەڵێنیشی پێ داون كە تاوانباران لە هەر كوێ بن، پۆلیس بەدوایانەوە دەبێت و دەگیرێن.

لەوبارەیەوە رۆندا بلاكمۆر كە ئەفسەرێكی پۆلیسی كەنەدایە و گوتوویەتی، لەو رووداوەدا گومان لە دوو كەس دەكرێت كە ئێستە شوێنیان دیار نییە و پێدەچێ هەڵاتبن، بەڵام بێگومان پۆلیس بەدوایانەوە دەبێت تا ئەوكاتەی دەیانگرێت و رادەستی دادگایان دەكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د