سەرۆكی ئۆكراینا هەواڵی دڵخۆشكەری بۆ گەلەكەی پێیە

:: AM:09:16:08/09/2022 ‌
سەرۆكی ئۆكراینا رای گەیاندووە كە هەواڵی دڵخۆشكەری بۆ گەلی ئۆكراینی هەیە. ئاماژە بە سەركەوتنەكانی سوپای وڵاتەكەی لە دژی رووسیا دەكات، بەڵام نایەوێ ئێستە ناوی ئەو شوێنانە بدركێنێ كە ئاڵای وڵاتەكەی لەسەریان دەشەكێتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی ئۆكراینا ڤۆڵۆدمێر زیلینسكی كە لەڕێی ڤیدیۆوە قسە بۆ گەلەكەی دەكات، ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی سوپای ئۆكراینا كردووە كە لە بەرەكانی جەنگ بەرانبەر رووسیادا بەدەستی هێناوە، بۆیە گوتوویەتی چاوەڕێی هەواڵی دڵخۆشكەر بن.

ماوەی دوو رۆژە زیاتر باس لەوە دەكرێ كە هێزەكانی ئۆكراینا، ناوچەی خاركیڤی رۆژهەڵاتیان لە ژێردەستی سوپای رووسیا دەرهێناوە و رزگاریان كردووە، هاوكات ئاڵای ئۆكراینایان لە چەندان شوێن بەرز كردووەتەوە. بەڵام تا ئێستە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە فەرمی ئەوەیان رانەگەیاندووە.

زیلینسكی لە گوتەكەیدا ئامادە نەبوو ناوی ئەو شوێنانە ئاشكرا بكات كە سوپاكەی رزگاری كردوون، تەنیا گوتوویەتی چاوەڕێی هەواڵی دڵخۆشكەر بن، بەڵام ئێستە كاتی نییە ناوی شوێنەكان بێنین.

لەلایەكی تریشەوە بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژەیان بەوە داوە كە هێزەكانی ئۆكراینا، لەو هێرشانەی بەمدواییە ئەنجامیان داوە، توانیویانە چەندان ناوچە رزگار بكەن، راستە هەنگاوەكانیان لەسەرخۆیە، بەڵام سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە.

دواتریش زیلینسكی گوتوویەتی، پێم وایە جێی خۆیەتی ئۆكراینییەكان شانازی بە سوپای وڵاتەكەی خۆیان بكەن، چونكە لە گۆڕەپانی جەنگدا زۆر ئازایانە هێرش دەبەن و دڵسۆزانە بەرگریی دەكەن.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتەوە دەستی پێ كردووە، شەڕ لە زۆربەی بەرەكاندا بەردەوامە، رووسیا هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی داوە و زیانی زۆری پێ گەیاندووە. ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا كە پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، جیا لە پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی، سزای ئابووریی زۆر توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە زۆربەی بانكەكانی دنیادا دەستیان بەسەر پارەكانی رووسیادا گرتووە و سڕیان كردووە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د