ئایا سەركەوتن لە مووسڵ كۆشكی سپی بە هیلاری دەبەخشێت؟

:: PM:03:35:01/10/2016 ‌

پێگەی "كۆنسورتیۆم"ی ئەمەریكی راپۆرتێكی لەسەر ئەگەری سەركەوتنی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە شەڕی مووسڵ و بەختی هیلاری كلینتۆن بۆچوونە نێو كۆشكی سپی كردووە و تێیدا نووسیویەتی، رزگاركردنی مووسڵ پێش هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر كە رۆژی هەڵبژاردنی ئەمەریكایە، دەرفەتێكی مەزن بە هیلاری كلینتۆن دەدا و ژمارەی پشتیوانانی یەكجار بەرز دەبێتەوە، باراك ئۆباماش ئەو ڕاستییە دەزانێت، بۆیە ئامادەكاری چڕ و پڕ و خێرای گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی گەورەترین هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە دووەم گەورە شاری عێراق كە نزیكەی 55 میل لە هەولێرەوە دوورە، هێرشە گەورەكەش بۆ سەر مووسڵ لە 15 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دەست پێ دەكات.

سەرچاوەیەك بەو ماڵپەڕە ئەمەریكییەی ڕاگەیاندووە، بە چاودێریكردنی داعش لە مووسڵ لە رێی مانگە دەستكردەكانەوە، دەركەوتووە ژمارەی تیرۆریستان رۆژ دوای رۆژ ڕوو لە كەمبوونەوەدان و لەسەر شەقامەكان نابینرێن، بۆیە ڕەنگە هەڵمەتە زۆر نەخایەنێت و بەر لە هەشتی نۆڤێمبەر سەركەوتن و وەدەرنانی تیرۆریستان لە مووسڵ رابگەیەنرێت.

ئەمەریكا ترسی هەیە سەركەوتنەكەی مووسڵ كە بە زیانیش بۆ كلینتۆن بشكێتەوە، بەتایبەت ئەگەر میلیشیاكانی شیعە بەشدار بن و تاوانی مرۆیی و پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بەرامبەر خەڵكی سڤیل ئەنجام بدەن، ئەمە ئەگەرێكی كراوە دەبێ و رەنگە زیان بە هیلاری كلینتۆن بگەیەنێت، بۆیە ئەمەریكا زۆر سوورە لەسەر ئەوەی هیچ پێشێلكارییەك ئەنجام نەدرێت و لە ڕووی مرۆیی و پێشوازی ئاوارەكانەوە، كارێكی نموونەیی ئەنجام بدرێت.

ستیڤن ئۆبراین بریكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی ئاشكرای كرد، ئەگەری ئاوارەبوونی ملیۆنێك كەس لە ئارادایە و تا ئەو ماوەیەش رەنگە هەر 500 هەزار كەس بتوانرێ لە شوێن و جێگەی باش دابنرێن.

ترسێكی تری گەورەی ئەمەریكا لە دوای رزگاری مووسڵە، لە ئەگەری شەڕ و بەریەككەوتنی هێزە بەشدارەكانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، بۆیە ئەمەریكا لەو ماوەیەدا زۆر بە رژدی لەسەر هێل دەبێ و دەیەوێ لە بچووكترین وردەكاریی هەڵمەتەكان ئاگەدار بێت.

ئەگەر بەبێ ئەو كێشانە و بەوشێوەیەش بەڕێوە بچێ كە ئەمەریكا پلانی بۆ داناوە، بەتایبەت ئەگەر بەبێ رووبەڕووبوونەوەی قورس و خوێناوی بەشێوەیەكی ئاشتییانە تیرۆریستان لە ڕێی بۆردمانی ئاسمانییەوە ناچار بە هەڵاتن بكرێن، ئەوا دەبێتە سەركەوتنێكی یەكجار مەزن بۆ سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتی ئۆباما و كاریگەری یەكجار گەورەشی لەسەر دەنگەكانی هیلاری كلینتۆن دەبێت و ئەگەری یەكلابوونەوەی بۆ وەرگرتنی كۆشكی سپی مسۆگەر دەبێت.

وشە/پێگەی كونسۆرتیوم، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د