مسته‌فا هیجری: تووڕه‌یی خۆتان له‌ شه‌قامه‌كانی كوردستاندا پێشان بده‌ن

:: PM:02:57:28/09/2022 ‌
مسته‌فا هیجری به‌رپرسی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ریی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، دوای ئه‌و هێرشانه‌ی سوپای پاسداران كردیه‌ سه‌ر باره‌گاكانی حزبه‌كه‌ی، له‌ په‌یامێكدا داوا له‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد، تووڕه‌یی خۆیان له‌ شه‌قامه‌كانی كوردستان پێشان بده‌ن.

ئه‌و ئاماژه‌ی داوه‌، جارێكی تر كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ رێی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كه‌وه‌، هێرشی كرده‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی حزبی دیموكرات و لایه‌نه‌كانی تری كوردستان، چه‌ند كه‌سێك له‌ رۆڵه‌ خه‌باتكاره‌كان شه‌هید و بریندار بوون.

ئه‌و له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، "ده‌مه‌وێ پێتانی رابگه‌یه‌نم كه‌ ئه‌وان هه‌رگیز ناتوانن ئیراده‌ی رزگاری و ئازادیخوازیی ئێمه‌ له‌ ناو ببه‌ن.''

ئیراده‌ی خه‌ڵك، چۆك به‌ هه‌موو دیكتاتۆرێك دادێنێ.


مسته‌فا هیجری داوا له‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات تووڕه‌یی خۆیان له‌ شه‌قامه‌كانی كوردستاندا پێشان بده‌ن، جارێكی تر بیسه‌لمێنن كه‌ ئه‌وه‌ی ناتوانێ كوردستان به‌ چۆكدا بێنێ، هێرش و سه‌ركوتی داوا ڕه‌واكانمانە. ئیراده‌ی خه‌ڵك، چۆك به‌ هه‌موو دیكتاتۆرێك دادێنێ.

سه‌عات 10:30 پێش نیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌م 28ی ئه‌یلوول، به‌ درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشه‌ك، بنكه‌ و باره‌گاكان و كه‌مپی په‌نابه‌ران و بنه‌ماڵه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆیه‌، كه‌مپ و باره‌گاكانی هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگه‌ڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان له‌ زڕگوێزی سلێمانی، بنكه‌كانی پارتی ئازادی كوردستان له‌ شێراوه‌ی نزیك پردێ، كرانه‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ به‌پێی ئاماری فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حه‌وت كه‌س شه‌هید بوون و 24 كه‌س بریندار بوون، ئاماری نافه‌رمی باس له‌ شه‌هیدبوونی هه‌شت كه‌س و برینداربوونی 60 كه‌س ده‌كه‌ن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ دوو جاری تر هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ كۆیه‌ و دواین هێرش له‌ سه‌عات 2:30 ئه‌نجام دراوه‌.


وشە - سلێمان تاشان