فڕەنسایش سەركۆنەی هێرشەكانی ئێران دەكات

:: AM:09:10:29/09/2022 ‌
دوای ئەوەی سەرلەبەیانیی دوێنێ ئێران بە مووشەك و درۆن، هێرشی كردە سەر حزبەكانی رۆهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و دەیان كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، جیا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، فڕەنسایش بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی كرد.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، فڕەنسایش هاوشێوەی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی تری دنیا، سەركۆنەی ئەو هێرشەی ئێرانی كرد كە دوێنێ بە مووشەك و درۆن، حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان كردە ئامانج كە دەیان كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە كە زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون.

وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد و ئەو وڵاتە پێی وایە، هێرشەكەی هەڕەمەكی بووە و خەڵكی سڤیلی كردووەتە ئامانج، جیالەوەی سەروەریی عێراقی پێشێل كردووە و سەقامگیریی وڵاتەكەی خستووەتە مەترسییەوە، هاوكات یاسایی نێودەوڵەتیشی پێشێل كردووە.

پێشتر پاسدارانی ئێران لەسەر زاری محەمەد پاكپوور فەرماندەی هێزە وشكاییەكانی پاسداران رای گەیاندبوو، بە 73 مووشەك و دەیان درۆنی خۆكوژ، 43 پێگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كردووەتە ئامانج.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش داوای لە حكوومەتی فیدراڵی عێراق كرد بەرانبەر بە هێرشەكانی ئێران، بە ئەركی خۆی هەڵبستێت كە سەروەریی خاكی عێراقی كردووەتە ئامانج.

بەهۆی هێرشەكانەوە 13 كەس كوژران و 58 كەسیش بریندار بوون كە زۆریان خەڵكی سڤیلن كە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

پێشتریش ئەمەریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە توندی هێرشەكانی ئێرانیان سەركۆنە كرد، تەنانەت دوای نیوەڕۆی دوێنێ ئەمەریكا درۆنێكی ئێرانی خستە خوارەوە كە دەیویست هەرێمی كوردستان بۆردمان بكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د