كوێت سەركۆنەی هێرشی ئێران دەكات و شیعە بێدەنگن

:: PM:05:07:29/09/2022 ‌

بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكانی ئێران و چاولادان لەسەر پرسە ناوخۆیی و ناڕەزایەتییەكانی ئەو وڵاتە، هێرشی ئێران بۆ سەر بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان و چەندان ئامانجی مەدەنی لە هەرێم بەردەوامە، هاوكات ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ئەو هێرشە بێ پاساوانەی ئێران ئەویش بەردەوامە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی كوێت، سەركۆنەی بۆردمانەكانی ئێرانی كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەروەی كوێت، وڵاتی كوێت بەتوندی سەركۆنەی كردنەئامانجی مووشەكیی ئێران بۆ چەندان ناوچەی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكات، كە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی.

بەپێی بەیاننامەكە ئەو هێرشانە دەستدرێژی زەقی ئاسایش و سەروەری و سەڵامەتی عێراق و هاووڵاتییانین، كوێت لەپاڵ عێراق دەوەستێتەوە و پرسە و سەرەخۆشی لە حكوومەت و گەلی عێراق دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوەی بر ینداران دەخوازێت.

لەو كاتەی دەیان وڵاتی دنیا و عەرەبی سەركۆنەی هێرشەكەی ئێرانیان كرد، تا ئێستە زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی شیعە، بێدەنگن و هەندێكیشیان بابەتەكە بەلای ئێران دەشكێننەوە، بەوەی ئەو حزبە كوردییانەی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستانن، چالاكی سەربازی دوژمنكارانەیان لە دژی ئێران هەیە.

جەبار مەعمووری، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، زیاتر لە 50 بارەگای حزبە كوردییەكانی نەیار بۆ ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان هەن، زۆرینەیان خاوەن باڵی سەربازین و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەو دوو وڵاتە، بۆیە بوونی ئەو بارەگایانە لەسەر خاكی عێراق نادەستوورییە و كێشەی گەورەیان لێ دەكەوێتەوە. 

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی محەمەد كازم ئال سادق، باڵوێزی ئێرانی لە عێراق كرد و یاداشتێكی ناڕەزایی بەهۆی بۆردمانە مووشەكی و درۆنەكانی دەیكاتە سەر چەندان شوێنی هەرێمی كوردستان پێشكەیش كرد.

لای خۆیەوە مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دەڵێت، ئەوانەی چەند مانگی رابردوو داوای پچڕانی پێوەندی و داخستنی سنوورەكان و دەركردنی باڵوێزی توركیایان لە عێراق كرد بەهۆی كردنەئامانجی زاخۆ، تا ئەو ساتە هەمان داواكاریمان لە بەرانبەر بۆردمانەكانی ئێران بۆ هەولێر لەوان نەبیستووە، ئاخۆ بۆردمانی ئێران شەرعییە؟   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل