"حكوومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكان دابنێن"

:: PM:09:12:29/09/2022 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر رای گەیاند، سەركۆنەی ئەو پەلامار و دەستدرێژییانە دەكەین كە دەكرێنە سەرمان، داوایش لە حكوومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، وەك ئاماژەیەك بۆ بۆردمانی وڵاتانی دراوسێ بۆ خاكی هەرێم.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە قسەكانی بۆ قوتابیان گوتی، لە ماوەی رابردوودا بە بیانووی جیاجیا و بێ پاساو، پەلاماری وڵاتەكەمان دەدرێ و پێشێلی سەروەریی وڵاتەكەمان و مافە دەستوورییەكانمان دەكرێت، ئێمە وەڵامی ئەم جۆرە هەڵوێستانە بەوە دەدەینەوە كە خۆمان و وڵاتەكەمان بەهێز بكەین، تا ئێوە زیاتر بتوانن بە زانست و خۆشەویستنی وڵات و لێبوردن بەهێزتر بكەن، وڵاتێكی بەهێزترمان دەبێت و دەتوانین رووبەڕووی هەموو ئەو لەمپەرانە ببینەوە كە دێنە سەر رێگەمان.
بڕیارمان داوە بژین و پێشكەوین و وڵاتمان ئاوەدان بكەینەوە
روونی كردەوە، ئەو پەلامارانەی دەكرێنە سەر خاكەكەمان چارەسەری هیچ گرفتێك ناكەن، ئێمە گەلێكی ئاشتیخوازین و نامانەوێ كێشە بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ دروست بكەین، بۆیە پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتیی و ئازادیی و رێزگرتنە لە یەك، لەسەر بنەمای رێزی بەرانبەر.

سەرۆكی هەرێم دووپاتی كردەوە، دەمانەوێ وڵاتەكەمان پێش بخەین و بژین، ئەوانەی یارمەتیمان دەدەن سوپاسیان دەكەین، ئەوانەیشی نایانەوێ یارمەتیمان بدەن، با لەمپەر لەسەر رێگەمان دروست نەكەن، چونكە ئێمە بڕیارمان داوە بژین و پێشكەوین و وڵاتمان ئاوەدان بكەینەوە، نەوەكانمان بە چەكی زانست بەهێز بكەین و بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر هەنگاو بنێین.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە، سەركۆنەی هەموو ئەو پەلامار و دەستدرێژییانە دەكەین كە دەكرێنە سەرمان، داوایش لە حكوومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، كە سنوورێك بۆ ئەو پەلامار و دەستدرێژییانە دابنێن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل