سوودانی سەردانی ئێران دەكات

:: PM:11:49:26/11/2022 ‌

دوای ئەوەی لە 27ی مانگی رابردوو حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی متمانەی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا، لە ماوەی ئەم مانگەدا سەردانی هەریەك لە ئوردن و كوێتی كرد، بڕیاریشە دووشەمی داهاتوو سەردانی ئێران بكات.

ئەمڕۆ شەموو سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازە دووشەمی داهاتوو سەردانی ئێران بكات.

وەك ئەو سەرچاوە بە ماڵپەڕی "ئێران بە عەرەبی"، گوتووە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازە دووشەمی داهاتوو سەردانی ئێران بكات، ئەو سەردانەش وەڵامدانەوەی بانگهێشتنی فەرمیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران دێت. 

هاوكات سەرچاوەیەكی حكوومی رای گەیاند كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو بە سەردانێكی فەرمی بگاتە تاران، واتە لە رۆژانی دووشەم یان سێشەمی ئەم هەفتەیە، ئەوەش لەسەر بانگهێشتنی فەرمی لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێرانەوە.

روونی كردەوە، بڕیارە سوودانی لەو سەردانەدا چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئێران بكەوێت و باسی چەند پرسێكی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات بكەن، لەوانە بەردەوامیی میانگیری عێراق لە نێوان ئێران و سعوودیە، بەتایبەتی كە سوودانی بەنیازە لە چەند رۆژێكی كەم دوای ئێران سەردانی سعوودیەش بكات، جیا لەوانە باسی دۆسیەی ئابووری نێوان هەردوو وڵات و دۆسیەی وزە ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان دەكرێت. 

شایەنی باسە ئەمڕۆ شەموو سوودانی لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد كازم ئالسادق، باڵوێزی ئێران كرد و بانگهێشتێكی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێرانی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق گواستەوە و ئەویش قبووڵی كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل