حه‌لبووسی پشتیوانیی خۆی بۆ بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگا دووپات كرده‌وه‌

:: PM:01:16:16/03/2023 ‌
محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، پشتیوانی خۆی دووپات كرده‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 16ی ئادار، محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ تویتێكدا ڕای گه‌یاند: له‌ 35مین ساڵوه‌گه‌ڕی كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه‌دا، هاوسۆزی خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ كه‌سوكاری قوربانیان، ئێمه‌ وه‌ستاوین  له‌پاڵ سته‌ملێكراوان و قوربانیانی ئه‌و گه‌له‌ به‌ڕێزه‌دا.

ئه‌وه‌شی گوت كه‌ "پشتیوانی له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ببێت به‌ پارێزگا".

له‌ 16ی ئاداری 1988، عه‌لی كیمیایی به‌فه‌رمانی سه‌دام حوسێن سه‌رۆكی ئه‌وكاتی عێراق، له‌ سه‌عات 11ی پێش نیوه‌ڕۆ، هه‌ستا به‌ كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، پێنج هه‌زار مرۆڤی بێتاوانی له‌ چه‌ند خوله‌كێكدا شه‌هید كرد، به‌ هه‌زاران كه‌سیش بریندار بوون و تا ئێسته‌ برینداره‌كان به‌ده‌ست ئازاره‌كانیان ده‌ناڵێنن. هاوكات پرۆسه‌ی كیمیابارانكردنه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو تا زۆرینه‌ی كوردستانی گرته‌وه‌.

 له‌وكاته‌وه‌ تا ئێسته‌ حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانیان و ناوچه‌كانی نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، پڕۆژه‌یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی په‌سند كرد و ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانی عێراق دانیشتنی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نه‌كردووه‌، له‌ كاتێكدا به‌پێی ده‌ستووری عێراق، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و كه‌س و ناوچانه‌ی به‌ده‌ستی رژێمی سه‌دام حوسێن زیانمه‌ند بوون، قه‌ره‌بووی مادی و مه‌عنه‌وی بكرێنه‌وه‌.


وشە - كەژاڵ كەمال