ئازار و ئەشكەنجەدانی ژن و منداڵانی ئێران بەردەوامە

:: PM:11:27:16/03/2023 ‌

ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/ لە 2022 بە دەستی پۆلیسی تاران چووەتە ناو شەشەم مانگییەوە و بەردەوامە، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكات كە دەسەڵاتدارانی تەناهی ئەو وڵاتە دەست لە منداڵانیش ناپارێزن، ئەوان دەگرن و لە زیندانەكان بە هاوشێوەی گەور ەكان ئازاریان دەدەن، تەنانەت دڕندانەترین شێوازی ئازاریان بەرانبەر بەكار دێنن.

رێكخراوەكە لە راپۆرتێكیدا باسی ئەوەی كردووە، دەزگەی هەواڵگری و هێزە تەناهییەكانی ئێران شێوازی تۆقێنەری ئازاردان دەگرنە بەر، لەوانە لێدان و لاقەكردن و لێدانی تەزووی كارەبا و دەستدرێژی سێكسی و هیتریش، بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان نەگەیشتووەتە 12 ساڵ، ئەوەش بەهۆی بەشداریكردنیان لە ناڕەزایەتییەكانی لەو وڵاتە بەردەوامە. 

بەپێی راپۆرتەكە منداڵان بە هاوشێوەی گەورەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەوان چاویان دەبەستن و دەبردرێنە ناوەندەكانی گرتن، دوای چەند رۆژ و هەفتەیەك دەبردرێنە زیندانە گەورەكان، تێكەڵ بە زیندانییە گەورەكان دەكرێن و هەمان مامەڵە و ئازار و ئەشكەنجەدانی ئەوانیان بەرانبەر پێڕەو دەكرێت.

وەك راپۆرتەكە باسی كردووە، لە یەكێك لە گرتووخانەكان تەزووی كارەبا لە گونیان دراوە، بەشێكیان وا ئازاد كراون كە نووسراوی تۆبەكردنیان واژوو كردووە یان بەڵێننامەی بەشدارینەكردنیان لە خۆپێشاندانەكان داوە، هەڕەشە لە خێزانەكانیان كراوە لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەی بەشداریان لە خۆپێشاندانەكان، سزای توند تا ئاستی لەداردانیان دەدەرێت، ناشبێت باسی ئازاردانی رۆڵەكانیان بكەن یان سكاڵا پێشكەش بكەن.  

جیا لە بەكارهێنانی ئازاردانی سێكسی دژ بە كچان بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپێشاندانەكان، هەمان شێواز بەرانبەر بە منداڵانیش بەكاردەهێنرێت، لەوانە لێدانی تەزووی كارەبا لە گونیان، یان دەستوەردان لە ئەندامی زاوزێیان، یان هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی بۆ شكاندنی ورەیان و سەرشۆڕكردن یان وەرگرتنی ددانپیادانان لەوان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل