زانا هۆڵەندییەكە: عێراق و ئێران لەناو بازنەی بوومەلەرزەدان

:: PM:06:31:18/03/2023 ‌

ئەگەرچی مەترسییەكان سەبارەت بە روودانی بوومەلەرزە بەهۆی راهاتنی خەڵك و ناڕاستی و گەورەكردنی هەواڵی بوومەلەرزەكان لەلایەن سۆشیال میدیاوە كەمتر بووەتەوە، بەڵام فرانك هۆگربیتس، توێژەری هۆڵەندی لە وریاییدانەكانی بەردەوامە، ئەو لە نوێترین تویتی دەڵێت، عێراق و ئێران و چەند وڵاتێكی تر لەناو بازنەی مەترسیدان.

هۆگربیتس لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، بەهۆی گۆڕانكارییەكان لە بەرگە هەوای زەوی، پێشبینی روودانی بوومەلەرزە لە چەند ناوچەیەك دەكرێت، بەپێی ئەو نەخشەی ئەو توێژەرە بڵاوی كردووەتەوە وڵاتانی عێراق و ئێران و كینیا و تەنزانیا و زامبیا و زیمبابوێ و هیندستان لەناو بازنەی مەترسیدان.  

ئەو زانا هۆڵەندییە دووچاری رەخنەی توند بووەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن زانایانی ترەوە، بەوەی ناكرێت پێشبینی بوومەلەرزە بكرێت، جیا لەوە هیچ پێوەندییەك لە نێوان شوێن و جووڵانەوەی هەسارەكان و بوومەلەرزە لەسەر زەوی نییە.

كەچی هۆگربیتس ئاماژە دەكات كە پێشبینییەكانی زانستین، ئەو لەو ساتەی پێشبینی بوومەلەرزەكەی توركیای لە 6ی شوباتی رابردوو كرد، كە زیانی گەورەی گیانی و مایەكی لە توركیا و سووریا دروست كرد، ناوی كەوتە ناو میدیا و سۆشیال میدیا، لەو ساتەوە ئەو بە بەردەوام تویتی تۆقێنەر دەكات و خەڵك وریا دەكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل