پۆڵ برێمەر: لەكاتی داگیركردنی عێراقدا چەكی كۆمەڵكوژیی نەبوو

:: AM:10:40:21/03/2023 ‌
20 ساڵ بەسەر داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە تێدەپەڕێت كە جەنگەكە لە 19ی ئاداری 2003 دەستی پێ كرد. پۆڵ برێمەر كە لە دوای داگیركردنی عێراقدا وەك حاكمی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە دەسنیشان كرا و ماوەیەك لەو وڵاتە مایەوە، ئێستە دەڵێ عێراق چەكی كۆمەڵكوژیی نەبوو.

پێگەی "عەرەبیە" كە ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە لە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكا، بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵەندا لە 2003دا، لە 12ی مانگی ئایاردا سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا جۆرج بۆش، پۆڵ برێمەری بۆ كاروبارەكانی عێراق دەستنیشان كرد و گەیشتە بەغدا، ئەو تەنیا باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق نەبوو، بەڵكو وەك حاكمی وڵاتەكە خوێنرایەوە.

رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت" لەوبارەیەوە بڵاوی كردووەتەوە، ئەوكات كە زۆر بوون ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا پێیان وابوو لە داگیركردنی عێراقدا هەڵەیان كردووە، بەلام تا ئێستەیش برێمەر پێی وایە بڕیارەكەی ئەمەریكا دروست بوو، بۆیە دەبوو ئەمەریكا بۆ رووخاندنی رژێمەكەی سەدام حوسێن هەنگاو هەڵبگرێت.

بۆیە ئێستەیش برێمەر دەڵێ، عێراق لە دوای 20 ساڵ، ئێستە زۆر باشترە و رێی دیموكراسیی وەرگرتووە. راستە عێراقی و ئەمەریكاییەكان لە چەند رووەوە زیانیان بەركەوتووە، بەڵام سوودەكان زۆر زیاترن.

لەبارەی بوونی چەكی كۆمەڵكوژی عێراقی كە ئەوكات بیانووی ئەمەریكا بوو بۆ جەنگەكەی، برێمەر گوتوویەتی، هەواڵگریی ئەو زانیارییانەی خستبووە بەردەست كە سەدام چەكی كۆمەڵكوژی هەیە، بەڵام راستییەكەی لە دوای داگیركردنی عێراق، دەركەوت زانیارییەكان راست نین و عێراق چەكی كۆمەڵكوژی نەبووە.

ئەوەشی گوتووە كە تەنیا هەواڵگریی ئەمەریكا نەبوو ئەو زانرییانەی دەخستە بەردەست، بەڵكو فڕەنسا، بەریتانیا و رووسیایش هەمان بۆچوونیان هەبوو كە ئەویش بەپێی هەواڵگریی ئەو وڵاتانە بوو.

دواتریش برێمەر گوتوویەتی، ئەوكاتیش سەرۆك بۆش دەیزانی كە كاردانەوەی داگیركردنەكە رەنگە خراپ بێت، بەڵام ئامانجەكەی هاوكاریی عێراقییەكان بوو كە وڵاتەكەیان لەڕووی ئازادی و ئابووری و سیاسییەوە بەدەست بێنن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د