بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق بۆ دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە مەرج دادەنێن

:: AM:11:19:02/04/2023 ‌
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكات، بەڵام بەشێك لە نوێنەرانی پارێزگاكانی باشوور داوا دەكەن، چەند شارۆكەیەكی ئەوانیش بخرێتە ناو پڕۆژەكە و برێتە پارێزگا، ئەگەرنا لە دژی دەوەستنەوە. پەرلەمانتارێكیش رای دەگەیەنێت، بەئاسانی پڕۆژەیاساكە تێدەپەڕێت. 

ئەمڕۆ یەكشەم دووی نیسان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكات، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێك لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی باشوور باس لەوە دەكەن، ئەگەر چەند شارۆكەیەكی ئەوانیش نەخرێتە ناو پڕۆژەیاساكە، ئەوا لە دژی پڕۆژەكە دەوەستنەوە.

ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاترە 120 هەزار كەسە و لە شارۆكەیەك و چوار شارەدێی پێكهاتووە: شارۆكەی ناوەندی هەڵەبجە، شارەدێی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.

لەو چوارچێوەیەدا یادگار مەحموود ئەندامی پەرلەمانی عێراق /سلێمانی/ بۆ"وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێشبینی دەكەن بە ئاسانی ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت، لەبەرئەوەی رەهەندی سیاسی و سەربازیی نییە، لە سنووری دەسەڵاتی مادەی 140 نییە تا كێشە دروست بكات.

ئەوەیشی روون كردەوە كە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستی بە 50+1 هەیە، بۆیە دەڵێت، "پەرلەمان پڕۆژەیاساكە پەسند دەكات".

بۆ ئەوەی هەر پڕۆژەیاسایەك ببێتە یاسا، پێویستی بەوەیە سێ خوێندنەوەی بۆ بكرێت، خوێندنەوەی یەكەم كە ئاراستەی لیژنەكان دەكرێ، دواتر دەهێنرێتەوە بۆ ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێ، لەوێ گفتوگۆ لەبارەی مادەكان و بڕگەكان دەكرێ، هەروەها سەرنج و تێبینی دەدرێ، پاشان لیژنەی تایبەتمەند ئەو تێبینییانەی بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان قبووڵ كرا دایدەنێت.
 
لە خوێندنەوەی سێیەمدا، دانە دانە مادەكان دەخرێتە دەنگدانەوە و پاشان كۆی پڕۆژەیاساكە دەخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا، دەبێتە یاسا.

پاشان ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێ بۆ ئەوەی لە ماوەی 15 رۆژدا واژووی لەسەر بكات، ئەگەر نەشیكات، بە ئۆتۆماتیكی دەبێتە یاسا و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەكرێتەوە، دەبێتە 19مین پارێزگای عێراق.

رۆژی 13ی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رێكارە یاساییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند كرد. ئەوە لە كاتێكدایە لە ساڵی 2013، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەتی هەرێم، رەشنووسی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی رادەستی حكوومەتی عێراق كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران بوو، زیاتر لە 20 ساڵیشە هیچ پارێزگایەكی نوێ لە عێراق دانەمەزراوە.

ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاترە 120 هەزار كەسە و لە شارۆكەیەك و چوار شارەدێی پێكهاتووە: شارۆكەی ناوەندی هەڵەبجە، شارەدێی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. 


وشە - زریان تەها