بڕٍیارە ئەمیری قەتەر لە سەرەتای مانگی داهاتوو سەردانی بەغدا بكات

:: PM:01:51:24/05/2023 ‌
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بە سەردانێكی فەرمی، ئەمیری قەتەر سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و چەندان بەرپرسی سیاسیی وڵاتەكە كۆبوونەوەی دەبێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چواشەم 24ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە شێخ تەمیم ئال تانی ئەمیری قەتەر لە سەرەتای مانگی داهاتوو "حوزەیران"، بە فەرمی سەردانی بەغدای پایەتەختی عێراق بكات. هاوكات لە بەرنامەیدایە كۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و چەند بەرپرسێكی سیاسیی وڵاتەكە هەبێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی بەرپرس لە حكوومەتی عێراق كە قسەی بۆ پێگەكە كردووە، سەردانەكەی ئەمیری قەتەر بۆ بەغدا، سەردانێكی گرنگ دەبێت كە لە چەند بواردا كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەبێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە شێخ تەمیم ئال تانی لەو سەردانەیدا، چاوی بە سەرۆكایەتییەكان لە كۆمار لەتیف رەشید، ئەنجوومەنی وەزیران محەمەد شیاع سوودانی و ئەنجوومەنی نوێنەران محەمەد حەلبووسی دەكەوێت و كۆبوونەوەی رژدی لەگەڵیان دەبێت.

بڕیارە ئەمیری قەتەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، رۆشنایی دەكرێتە سەر دۆسیەكانی كەرتی بازرگانی، وەبەرهێنان، هاوكاریی تەناهی و چەند دۆسیەیەكی تر.

بەڵام پێگەكە ئاماژەی بە كات و رۆژی دیاریكراوی سەردانەكە نەكردووە، تەنیا ئاشكرای كردووە كە سەردانەكە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د