پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە كەی ئاسایی دەبێتەوە؟

:: PM:09:33:24/05/2023 ‌

بڕیارە هەفتەی داهاتوو دوو گەورە بەرپرسی ئیسرائیلی سەردانی واشنتن بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ سعوودیە، راپۆرتێكی ئیسرائیلیش ئاماژە دەكات كە سعوودیە هەموو ئایەت و فەرموودەكانی پێوەندیداری بە نەیاری بۆ ئیسرائیل لە پرۆگرامی خوێندن لاداوە.

بەپێی هەواڵەكان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەریەك لە رۆن درمیر، وەزیری كاروباری ستراتیجی و تساحی هنگبین، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەردانی واشنتن بكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ سعوودیە.

بڕیارە ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل لە كۆتای هەفتەی داهاتوو بگەنە ئەمەریكا و چاویان بە جیك سۆلیفان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و گەورە بەرپرسانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بكەوێت، لەوكاتەی بەرپرسانی ئیسرائیل دووپاتیان كردەوە كە حكوومەتی ئیسرائیل و ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ سعوودیە دەدەن.

بەپێی زانیارییەكان كۆشكی سپی دەیەوێ بەر لە كۆتایی ئەمساڵ سعوودیە و ئیسرائیل رێككەوتنێكی ئاشتیانە واژوو بكەن، كە دەبێتە هەنگاوێكی مێژوویی لە پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرگەش لەبەردەم چەندان وڵاتی تری عەرەبی واڵا دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، بەو شێوەیە پێوەندییەكانی سعوودیە و ئەمەریكاش بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی چاودێری فێركردنی ئیسرائیلی، سعوودیە هەموو دەق و ئایەت و فەرموودەی پێوەندیداری بە ململانێ و نەیاریی بۆ سامیەت لە پرۆگرامەكانی خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی دواناوەندی لابردووە، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە لە ئاراستەی سعوودیە بەرانبەر بە جوو و ئیسرائیل و رێخۆشییە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان.

راپۆرتەكە دەڵێت، ئەو گۆڕینەی پرۆگرامی خوێندن ئەوكاتە دەستی پێ كرد كە دیدی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ 2030 هاتە راگەیاندن، كاتێك هەموو دەق و ئایەت و فەرموودەكانی باسی دوژمنداریی نێوان موسڵمان و جووەكانیان دەكرد لە پڕۆگرامی خوێندن تا قۆناغی شەشی دواناوەندی لادران، جیا لەوانەی باسی تاوانباریی هاوڕەگەزخواز و گاور و كریستیانەكان دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل