نوێنەرانی پارتی لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پاشەكشەیان كرد

:: PM:11:19:25/05/2023 ‌

 


دوێنێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان وریایی لە بوونی هەوڵێك لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دا بۆ دەستكاریكردنی بڕگەكانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ئەوانەی پێوەندیان بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەمشەو دوای جێبەجێكردنی ئەو هەوڵە نوێنەرانی پارتی لە كۆبوونەوەی لیژنەكە پاشەكشەیان كرد.

مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە تویتێك لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمشەوی لیژنەكەیان نووسیویەتی، لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر هەمواركردنی بڕٍگەكانی پێوەندیدار بە هەرێمی كوردستان دەدات و پابەندی دەكەن بە رادەستكردنی نەوتەكەی بۆ كۆمپانیای سۆمۆ، بۆ هەناردەكردنی لە ناوخۆ، ئەوە ئەگەر توانای هەناردەكردنی بۆ دەرەوە نەڕەخسا.

زیاتر گوتی، كردنەوەی حیسابی بانكی دانانی ئەو پارەیە راستەوخۆ لەلایەن وەزیری داراییەوە دەبێت، هەروەها مەرجی خەرجكردنی شایستە داراییەكان بەرانبەر بە پابەندبوونی هەرێم بۆ بڕگەكان زیاد كراوە، دووپاتی كردەوە كە نوێنەرانی پارتی كۆبوونەوەكەیان جێ هێشتووە.

لەگەڵ ئەوەی سەنەد باسی هۆكاری جێهێشتنی كۆبوونەوەكەی لە لایەن نوێنەرانی پارتی نەكرد، بەڵام وەك پێشتر هاتبووە راگەیاندن پارتی و حكوومەتی هەرێم بە دەستكاریكردنی بڕگەكانی پێوەست بە هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق رازی نابن و رەتی دەكەنەوە. 

ئەمشەو لیژنەی دارایی پەلەمانی عێراق مادەكانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بە دەستكارییەوە پەسند كرد، كە تایبەتن بە پشكی هەرێم لە بودجەكە، واتە پێشنیازی نوێنەرانی شیعە لە لیژنەكە قبووڵ كراوە، كە داوایان كردبوو ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ نەكاتەوە، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوت بكات و فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بدرێتە كۆمپانیای سۆمۆ، هەروەها پێشنیازیان كردبوو ئەو حیسابە بانكییەی پارەی نەوتەكەی تیادا هەڵدەگیرێت، لە لایەن وەزارەتی داراییەوە لە بانكی ناوەندی بكرێتەوە.

ئەمڕۆ وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان وریایی لە دەستكاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی دا بەدەر لەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەر دەستكاریكردنێك دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەست بۆ تێپەڕبوونی بودجەكە.

روونی كردەوە، دیاریكردنی رێژەی 12.67% وەك پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، بەپێی رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵییەوە كراوە، بۆیە هەر دەستوەردانێكی ئەو رێژەیە قبووڵ نەكراوە و پێشێلكردنی رێككەوتنەكانی رابردووە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی كردەوە كە هەندێك كەس هەن دەیانەوێ دەستكاری رێژەكە و بڕگەكانی پێوەست بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو دەستكاریكردنەش بەربەست دەخاتە بەردەم تێپەڕكردنی بودجە، چونكە دەبێتە هۆی بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لە لایەن هێزە سیاسییە كوردی و سوننەكانەوە، بۆیە دەبێت وریای ئەوانە بن كە دەیانەوێ بەربەست بۆ تێپەڕكردنی بودجە دروست بكەن.

دوێنێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵی چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق عێراق كرد بۆ هەمواركردنەوەی مادەكانی 13 و 14 لە بودجەی عێراق پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان، كە پێشنیازەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە و لە لایەن هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی پەسەند كراون.

مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەبێت پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی بودجە و رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەكەدا نەكرێت، لە دەرەوەی بڕگەكانی رێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، لە بەرانبەردا حكوومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەركی سەر شانی جێبەجێ بكات و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق دابین بكات.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل