پەرلەمانتارێك: سبەی دەنگدان لەسەر بودجە ناكرێت

:: PM:09:57:26/05/2023 ‌

تا ئێستە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی كۆتاهێنانە بە بڕگە و مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025، لەو كاتەی چوارشەم هاتە بڵاو كردنەوە كە شەموو پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە ساز دەكات، پەرلەمانتارێك بەدووری دەزانێت سبەی دەنگ لەسەر بودجە بدرێت.

سالم عەنكەبی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، گوتی، پێشبینی دەكەین لە ماوەی دوو تا سێ رۆژی تر بودجە بە رێككەوتنی سیاسی لایەنەكان یەكلا بێتەوە، واتە پڕۆژەیاساكە بە رێككەوتنی سیاسی یەكلا دەبێتەوە و پەنا بۆ زۆرینەی پەرلەمانی نابڕێت.

روونی كردەوە، بۆیە پێشبینی ناكەین سبەی پەرلەمان دانیشتن بۆ ئەو مەبەستە ساز بكات، هاوكات كێشەی زۆر لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام نامانەوێ ئەوانە برووژێنین بۆ هێشتنەوەی سازانی سیاسی، بۆیە ئەوەی ماوە پێویستی بە دوو رۆژی تر هەیە، دووپاتی كردەوە، هیوادارین بودجەكە بە زۆرینەی پەرلەمان تێپەڕ نەكرێت، چونكە كاتەكە زۆر درەنگە.

دوێنێ د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، تا ئێستە وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق وادەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دیاری نەكراوە، بۆیە ئەوەی باسی كراوە كە رۆژی شەموو دەنگی لەسەر دەدرێت راست نییە، دووپاتی كردەوە، رۆژی شەموو پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نادات.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی، تا ئێستە هیچ وادەیەك بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دیاری نەكراوە، ئاشكرای كرد كە هێشتا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە یەكلا نەبووەتەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل