هێمن هەورامی راستییەكانی ئاشكرا كرد

:: PM:02:24:29/05/2023 ‌
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، روونكردنەوەیەك لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و جێگرەكەی ھاتنەوە لای من و لە نووسینگەی خۆم، داوایان كرد كە بۆ دانیشتنی لە یەكی ئادار، ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی ئایار، لە روونكردنەوەیەكی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، خستنەڕووی راستییەكان و روونتركردنەوەی راستییەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن.

ئەمەیش دەقی روونكردنەوەكەیە: 
پاشخانی بابەتەكە
پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، یەك لە بابەتە ھەرە گرنگ و لە پێشنەكانی بەردەم كاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بوون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەكیشمان بۆ ئەوە بوو بە پشوویەكی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكان بدۆزینەوە و بنەمای سفر یان ١٠٠ لە بیركردنەوە و جووڵەی فراكسێۆنەكان زاڵ نەبێت بەسەر لۆجیكی دیالۆگ و لێكتێگەیشتندا.

لەو پێناوەشدا و لە پێناوی ئەوەی كە ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە كە ئەم پرسە نیشتیمانیانە بەپێی ڕێككەوتن و گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتە بەر، لە ڕێكەوتی ٣ ـی ١١ ـی ٢٠٢١ ـەوە، واتە ساڵێك بەر لە كۆتایی ھاتنی وادەی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، كۆبوونەوە و دیداری فراكسێۆنەكان لەسەر ئەو پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسێۆن دەستیان پێكرد. پێش ئەم ڕێكەوتەش، خودی كۆمسیۆن بە سێ نوسراوی جودا به نووسراوەكانیان (ژ. 76 له 5 ـی 8 ـی 2019) و (ژ. 62 له 4ـی 8ـی 2021) و (ژ.13 لە 3ـی 3ـی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو كە چارەنووسی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن یەكلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی ١٢ ـی ٢٠١٩ ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كۆتایی ھاتبوو، سەرباری ئەوەش شوێنی دوو كۆمسیار بە بەتاڵی مابوویەوە.

دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن بە داخەوە فراكسێۆنەكان نەگەیشتنە لێكتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆری خایاند، بە جۆرێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو ڕێگرییكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بە ناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا ٣١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچوواندنی ئەم یاسایە گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەڕوونی لە ھۆیەكانی دەرچوانی یاساكەدا، جێگیر كراوە.

لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بوون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بوون.

كاتێكیش كە گرتنەبەری ڕێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە ڕێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و ڕێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنەكە كارا كرایەوە. بەدوای ئەوەشدا ڕێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە ڕێكەوتی 28ـی 5ـی 2023ـدا، دەستبەكار بوون. كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە.

لەپێناو ڕوونتركردنەوەی ڕاستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست ئەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە،  بەپێویستی دەزانم بەشێك لە ڕاستیی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕای گشتی كوردستان ڕوون بكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاریی و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی.

هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا
لە پێناو ڕەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی كۆبوونەوەی رۆژی ١٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ ـدا ئامادەیی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەكانیەوە و داتاكانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بكرێنە بنەما. بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازی بۆچوونەكان لە سەر ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بە رێژەی ٩٥٪‏ كەمكرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەلوێستی فەرمیی پارتی ئەوە بوو كە پێكھاتەكان خۆیان لەگەل "یۆنامی" لەسەر ھەر فۆرمولەیەك رێكبكەون، پارتی پێشوازی لێ دەكات.

دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاكیە، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان داوای كۆبوونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسێۆنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەممان كرد. لە ١٩ ـی ٢ ـی ٢٠٢٣ لە نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمان ئەو كۆبوونەوەیە بەرێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا، داوام كرد كە ئێمە پێش ١ ـی ٣ ،كە رۆژی كردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ دوو بابەت:

1- خوێندنەوەی یەكەم بۆ ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن كە پێشتر پێشكەشكراون، واتە پرۆژەكانی یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری. 
2- كۆمسێۆن كارا بكەینەوە و بۆ ئەوەش بە پێی یاسای كۆمسێۆن لێژنەیەك بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەكان لەو كۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بكەین.

داواشمان كرد كە لەم كۆبوونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەكەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەكان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و  لە دانیشتنی ١ ـی ٣ ـدا، دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بكەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەمواری یاساكە بدەین ھەم دەنگیش بە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و هەڵبژاردنی دوو كۆمسیاری نوێ بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكان، بە ئەنجام بگەیەنین.

بۆ مێژوو، سەرۆكی پەرلەمان لەگەل ئەوە بوو كە ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازە پەسەند نەكرد و داوای كرد كە مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان ڕاگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دوو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن.

پاش چەند رۆژێك، سەرۆكی فراكسێۆنی یەكێتی و جێگرەكەی ھاتنەوە لای من و لە نوسینگەی خۆم داوایان كرد كە بۆ دانیشنتی ١ ـی ٣ ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی خێرا بكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنووس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من ئیتر لەوەوە تێگەیشتم كە سەرۆكی پەرلەمان "ئۆكەی" حیزبەكەیی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دوو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لە پێناوی پێدانی دەرفەتێكی دیكە و هەماهەنگی هاوبەش، ڕەزامەند بووین كە ئەو دوو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1-ـی 3 ـوە.

بۆچی تەنانەت لێژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟
لەگەل دەستپێكی وەرزی بەھارەدا، فراكسێۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای ھەلبژاردنی پێشكەش كرد. هاوكات لێژنەی یاساییش، ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 3 ـی 2023 ڕایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبوونەوەی لێژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەكێتی و پارتی و گۆڕان و كۆمەل و یەكگرتوو و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری، پێشكەشكراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی بكەن تا لە نزیكترین دانیشتندا (بڕیار درا بوو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت.

ھەڤالانی یەكێتی، ھەم لە فراكسێۆن ھەم لە لێژنەی یاساییش ڕازی نەبوون نەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبوونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆكی فراكسێۆنی یەكێتی بە سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی وتبوو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، كاریگەری لەسەر كۆبوونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لە پێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ ڕێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبوونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا.

گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن 
پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (2)ـی ئاسایی خۆی لەڕێكەوتی 15ـی3ـی2023ـدا بە بڕیاری ژماره ‌(8)، لیژنەیەكی پەرلەمانیی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبەت بوو بە وەرگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دوو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران.  بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا بە  فەرمانی هەرێمی ژمارە 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد. دوابەدوای ئەوەش جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم (كاك مەسروور بارزانی)ـیش بەفەرمانی ژمارە (1472) لە 16ـی4ـی2023 ـدا ئامادەیی حكوومەتی بۆ دابینكردنی سەرجەم پێداوویستیەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەربڕی.

هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان درابوون، بەڕێوە دەچوون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژوویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە ڕێگریی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا.

چەندین جاری دیكە داوامان كردەوە كە دانیشتنی پەرلەمان بكرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەكەم بۆ ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بكەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەم بكەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەمواری یاسا، دەنگ بە كاراكردنەوەی كۆمسێۆن بدەین، بەلام بەداخەوە نە سەرۆكی پەرلەمان و نە فراكسێۆنی یەكێتی دوا بریار و ئۆكەی حیزبەكەیان لا نەبوو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە كاتی چوونمان بۆ سلێمانی لە ٢٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ و كۆبوونەوەمان لەگەل شاندی یەكێتی، لە ناو كۆبوونەوە چەندین جار تكا و ڕجام لە برایانی یەكێتی كرد رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان و فراكسێۆنی یەكێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەكەمی ھەموارەكان كە پرۆژەی خۆتانە و كاراكردنەوەی كۆمسێۆن وەك خۆی كە رێككەوتنی ھەموو فراكسێۆنەكانە جێبەجێ بكرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێكمان لێ نەبیبینین.

دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ ٣ ـی ٥ ـی 2023 دوا خست، چەند جارێكی دیكە داوامان كرد كە سود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەكەم بكرێ و كۆمسێۆن كارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵێش بسەلمێنین كە بەردەوامی خوولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێكی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەكێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت.

سوودوەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان
لەم سەرووبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بوون و لەسەر زۆر خاڵ رێككەوتبوون. داوامان كرد ئەو خاڵانەی رێككەونتیان لەسەر كراوە بكرێنە بنەما بۆ ھەموارەكان و با لە پەرلەمان كاریان لە سەر بكرێ، بەڵام دیسان رێگە بە تیمی یەكێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن.

دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆك بارزانی) كە لە مەراسیمی كردنەوەی "یادگەی نیشتیمانی بارزانی"ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەكو شاندی مەكتەب سیاسی پارتی رۆژی چوارشەمە ١٧ ـی ٥ چووینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (كاك بافڵ تاڵەبانی)، لوتفی كرد و پاش بەخێرهاتن، ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبوو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو كۆبوونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردوو شاند سێ جار تكا و ڕەجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە ڕێگە بە(د. رێواز) و فراكسێۆنی یەكێتی بدەن كە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت.

سەرەنجام لەسەر ئەوە رێككەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراكسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی من و (د. رێواز) كۆببنەوەو ھەوڵی نزیك بوونەوە بدەین و را ھاوبەشەكان بۆ كۆبوونەوەی دواتری مەكتەب سیاسی ھەردوولا بھێنینەوە.

ھەمان رۆژی كۆبوونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە كاك (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی شاندی یەكێتی كرد لەگەل (كاك بافڵ) قسە بكات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازیی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بووە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبوو. منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان ڕوونتر كردەوە و داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوە و سوود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی ٥، لە پەرلەمان كۆ دەبینەوە ئەگەر ڕێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ ڕێك بكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی "ئێمەش هاوكار دەبین"!

بەڵام لە كۆبوونەوەكەی رۆژی هەیینیدا لە پەرلەمان هیچ شتیكی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەكێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نووسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواز) و داوام لێكرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەكانیش ئەمانە بوون:

- ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێكەوە دەبین یان نا؟
- ڕێگە دەدەن كۆمسیۆن كارا بكەینەوە ؟
- چ زەمانەتیكی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟
رۆژی شەممە 20 ـی ٥ ـی 2023، برایانی یەكێتی چەند كۆبوونەوەیەكی كارگێڕییان هەبوو. لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا بەڕێز (د. ڕێواز)ـیش بە ڤیدیۆ كۆنفرانس بەشدار بوو بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش.

رۆژی یەكشەمە۲۱ ـی ٥ ـی 2023، شاندی مەكتەب سیاسی یەكێتی هاتنە پیرمام و لەگەل شاندی پارتیدا كۆبوونەوە. بە شاهێدی هەردوو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكا و ڕجام لێكردنەوە كە ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت كاك (مەحمود محەممەد) سەرۆكی شاندی پارتی، پێی وتن فەرموون با سبەی بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دانانی هەردوو وەزیرەكەتان و گۆڕانكاریەكانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی كارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین!

تەنانەت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پێمان وتن لە پێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ "یۆنامی" بەبێ پارتی كۆ ببنەوە و بگەنە ڕێگەچارەیەك. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر ڕێككەوتنێك بكرێ لەو بارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا بوو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا ڕاگەیەندرا بوو.

ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟
كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبوو. تكاوڕجاكانی ئێمەش سوودێكیان نەبوو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەممەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی "سی ڤی" بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دوو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابوو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبوو، یادداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبووەوە.

بۆیە فراكسیۆنی پارتی بە پشتبەستن بە دەقی ڕوون و زەلالی برگەی چوارەمی ماددەی (48)ـی پەیرەوی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبوو، بەمەبەستی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و پڕكردنەوەی بۆشایی دوو كۆمسیارەكەی. ئەم هەنگاوە یاساییەش‌ مافێكی یاسایی و پەیرەویی بێچەندوچوونی هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر  بەپێی حوكمەكانی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (16) و بڕگەی یەكەمی ماددەی (47) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی دەخاتە ئەستۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تا هەمواری بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو بكەن و ئەو بڕگەیەی كە داواكراوە بۆی زیاد بكەن.

هەمان رۆژ من و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان چووینە لای بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان و داوامان كرد كە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی كار زیاد بكەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبوو كە بەرنامەی كاری هەمواركراو ئیمزا بكات و وتیشی "لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دووەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەوێ نابم." !

پێمان وت كە هیچ كات بە دەستەوە نەماوە و ڕێككەوتنی هەموو لا هەیە كە كۆمسیۆن وەك خۆی كارا بكرێتەوە و لێژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندووە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و ڕۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بوو هیچی لە حزبەكەیەوە پێ نەوترابوو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا.

ئیوارەی رۆژی یەكشەمە ۲۱ ـی ٥ ، بەریز كاك (عیماد ئەحمەد) سەرۆكی شاندی یەكێتی تەلەفۆنی بۆ كردم داوای كرد كە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت: " ئێمە ڕازین و فەرموو بە بەریز د.ڕێواز بڵێن با ئیعلانی دانیشتن بۆ سێشەمە یان چوارشەمە بكات و بەرنامەی كاریش كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەكانی یەكێتی و ئاڵوگۆڕەكانی ئێمەش بێت لە ناو پەرلەماندا."

رۆژی دووشەمە ۲۲ ـی ٥ كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان نارد و داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوا بخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە ڕابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5) وە بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبوو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناردو هەمان داوای لێكردبوو. بەڵام بە داخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنیان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە.

كە چووینە دانیشتنەكەش، پێش دەستپێك، دیسان پرسیارم لە بەرێز سەرۆكی پەرلەمان كرد كە ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، وتیان: "نەخێر"!
بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستی پێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ڕاگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی ڕاگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لە كاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەرێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون.

بۆیە ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوە برد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ ڕاوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام  بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبوو (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسەند كرا و بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دوو كۆمسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا.

پاش ئەوەش لەبەر ئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سرووشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.
سەرەنجامیش بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون.
دەرەنجام

ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجام دراوە كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی.

كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبووە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمسیار، سێكۆمسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دوو هەڵبژاردنە كۆمسیارەكانی دەبوون بە چوار. بەڵام لە پێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ڕەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە ڕێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بوو.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبووبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمسیۆنی تێدا كارا كرایەوە ؟
ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاووڵاتیانیەتی. مافێكی حزبی و تایبەت نییە تا بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و ڕێگرییلێكردن. بۆیە داوا دەكەین كە پێكەوە پەلە بكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لە پێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا.

كەواتە، لە ئێستادا كە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، بەگرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر ڕێگریی و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان ڕاگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.




وشە - رامیار جەواد