دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دەستی پێ كرد

:: PM:11:36:08/06/2023 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدات، دوای دووجار دواخستن، لە سعات 1:00ی دوای نیوەڕۆ بۆ سعاتەكانی 8:00 و 10:00ی ئەمشەو، ئێستە پەرلەمان دانیشتنەكەی دەست پێ كرد و پەرلەمانتارێكیش ئاماژە دەكات كە دەنگ لەسەر چەند مادەیەك دەدەن.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئەمشەو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگی فراكسیۆنەكان و لیژنەی دارایی بە ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی ساز كراوە، لەو ناوەدا لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی دەنگدان لەسەر مادەكانی بودجە، داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد كاتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ تەواوكردنی كارەكانیان.

لەو ناوەدا و دوای كۆتاهاتنی دانیشتنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی و سەرانی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجە دەستی پێ كرد، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت، ناكۆكییەكان چارەسەر كراون و رێككەوتن لەسەر سازكردنی دانیشتن كراوە، لەوكاتەی عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی گوتی، ئەمشەو دەنگ لەسەر 15 مادەی بودجە دەدرێت و مادەكانیتر شەموو دەنگیان پێ دەدرێت. 

لای خۆیەوە موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی گوتی، هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی گرنگ لەبارەی هەردوو مادەی 13 و 14ی پێوەست بە هەرێمی كوردستان لە بودجە، بەتایبەتی سەبارەت بە میكانیزمی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و دانانی پارەكەی لە حیسابێكی بانكی ناوەندییەوە، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی ئەو حیسابەی دەبێت.

زیاتر گوتی، هەورەها لە حاڵەتی بوونی رێگری لە هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە، دەبێت هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە حكوومەتی فیدراڵی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، لەبەرانبەردا دەبێت حكوومەتی عێراق شایستە داراییەكانی هەرێم كە 12.67%یە بە هەرێم بدات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل