پەرلەمانتارێك: جیاكردنەوەی سلێمانی جێبەجێ ناكرێ و ئەو پیلانە دژی كورد سەرناگرێت

:: PM:10:55:10/06/2023 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە برگەی لەتكردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، تەنیا دوژمنان و یەكێتی پاڵپشتی لێ دەكەن، چونكە ئەوانە دژی قەوارەی هەرێمن، بۆیە هیچ فراكسیۆنێكی تر لەگەڵ ئەو برگەیەدا نییە و تەواوی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە یەك دەنگ دژی جێبەجێكردنی ئەو بڕگەیەن.

یەكێتی لە رێگەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقەوە، هەوڵ دەدات ئەو بڕگەیە جێگیر بكات كە دەسەڵات دەداتە بەغدا بە مامەڵەی راستەوخۆ بە پارە و قووتی پارێزگەكانی هەرێمەوە بكات، بە پاساوی نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهات لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە، لەكاتێكدا تەنیا گرفتی نەبوونی پارە و نادادی لە دابەشكردندا، خودی یەكێتی خۆی بووە.

لەمبارەیەوە د. نەهلە قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، برگەی لەتكردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، تەنیا دوژمنان و یەكێتی پاڵپشتی لێ دەكەن، چونكە ئەوانە دژی قەوارەی هەرێمن، بۆیە هیچ فراكسیۆنێكی تر لەگەڵ ئەو بڕگەیەدا نییە و تەواوی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە یەك دەنگ دژی ئەوەین كە جێبەجێ بكرێت.

زیاتر گوتی، ئەم بڕگەیە واتە رادەستكردنی هەرێم بە سیاسەتەكانی بەغدا، لەكاتێكدا یەكێتی بە بیانووی نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهات ئەم بڕگەی پێشنیاز كردووە، بەڵام هیچ نادادییەك لە ئارادا نەبووە و خودی یەكێتی خۆی هۆكاری نەمانی پارە و نایەكسانی بووە لە دابەشكردنی داهاتدا.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، گەشبینین كە ئەم بڕگەیە جێبەجێ ناكرێ و ئەو پیلانە دژی كورد سەرناگرێت، چونكە لە دەستووری عێراق ماف و شایستە و قەوارەی هەرێم پارێزراوە، هەروەها ئێستە لەسەر راسپاردە و رێنوێنییەكانی سەرۆك بارزانی، وەك فراكسیۆنی پارتی لە كۆبوونەوەداین لەگەڵ لایەنە عەرەبەكان، بەتایبەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە ئەو برگەیە لا ببەین و كار بۆ یەكڕیزیی بكەین، رێگە نەدەین هەرێم زیانی پێ بگا و بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین.

"هەرگیز رێگە نادەین كە ئەو برگەیە جێبەجێ بكرێ و خەونی یەكێتی، كە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمە بێتە دی، چونكە ئەمە بەتەواوی خیانەت و ناپاكییە لە كوردستان، هەركەسیش لەناو یەكێتی داڕێژەری ئەم بڕگەیە بێت، یان لایەنەكان و فراكسیۆنەكانی تر هان بدات بۆ دەنگدان بەو بڕگە، ئەوە ناپاكییە و خیانەت و سەرشۆڕییە"، د. نەهلە قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وا دەڵێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل