ئاژانسی رۆیته‌رز هه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی شه‌ش ملیار دۆلار له سامانی ئێران له كۆریای باشووره‌وه بۆ ده‌وحه‌ی قه‌ته‌ری راگه‌یاند، فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌تیش گه‌یشتووه‌ته ئێران بۆ ئه‌وه‌ی پێنج به‌ندكراوه ئه‌مه‌ریكییه‌كه بگوازێته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا.
ناسر كه‌نعانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رای گه‌یاند، ئاڵوگۆڕه‌كه هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ڕێوه ده‌چێت و چاوه‌ڕوانن ئه‌مڕۆ دووشه‌م 18ی ئه‌یلوول ئاڵوگۆڕه‌كه بكرێت.
پێشتریش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر به فه‌رمی رای گه‌یاندبوو، ئاماده‌كارییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی شه‌ش ملیار دۆلار له پاره‌ی بلۆككراوی ئێران له كۆریای باشووره‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت.
پێویسته بگوترێ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو، حكوومه‌تی جۆ بایدن ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی بۆ گواستنه‌وه‌ی شه‌ش ملیار دۆلار له سامانی بلۆككراوی ئێران له كۆریای باشووره‌وه بۆ قه‌ته‌ر. پێشتر هه‌ردوو وڵات له‌وباره‌یه‌وه به رێككه‌وتن گه‌یشتبوون و خه‌ریكی ئاماده‌كاری بوون بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی واژوو و پاشان جێبه‌جێی بكه‌ن. زیاتر له مانگێكه ئێران پێنج به‌ندكراوه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی له گرتووخانه‌وه بۆ هوتێلێك گواستووه‌ته‌وه كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانین و ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكییان هه‌یه.
جۆن كێربی گوته‌بێژی كۆشكی سپی پێشتر گوتبووی، ئه‌و پاره‌یه‌ی بڕیار دراوه ئێران ده‌ستی پێ رابگات، به هیچ شێوه‌یه‌ك به كاش به ده‌ستی ناگات و ته‌نیا له رێوشوێنێكی زۆر توندی چاودێریدا، ده‌رمان یان خۆراكی پێ ده‌كڕێت و ناتوانێت هیچ شتێكی تری پێ دابین بكات.
ئه‌و رێككه‌وتنه ناڕه‌زایه‌تی توندی كۆماریخوازانی ئه‌مه‌ریكای به‌دواوه بووه و پێیان وایه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بایدن، وایكردووه ئێران ده‌ستی به سه‌رچاوه‌ی زیاتری دارایی بگات.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی دابه‌زاندووه
هه‌ر به‌هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی دابه‌زاندووه و پێشتر بۆ 60%ی به‌رز كردبووه‌وه، مه‌ترسی ئه‌وه له ئارادابوو بیگه‌یه‌نێته 90%، به‌ڵام كه‌می كردووه و هه‌رچه‌نده له‌م رووه‌وه شتی فه‌رمی بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا پێشوازیی له‌و هه‌نگاوه‌ی ئێران كردووه.
رۆژنامه‌ی وال ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریكیش به توندی ره‌خنه‌ی له رێككه‌وتنی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا گرتبوو و رای گه‌یاندبوو، ئه‌و پاداشت و ئاسانكارییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له بری ئازادكردنی چه‌ند بارمته‌یه‌ك پێشكه‌شی ئێرانی كردووه، له داهاتوودا هانی ئێران ده‌دات له تاوانی به بارمته‌گرتن به‌رده‌وام بێت و ئه‌مه‌ریكیی زیاتر بڕفێنێت.
ئێران له رابردوودا به ده‌یان هاووڵاتیی بیانی گرتووه و له بری پاره یان ئازادكردنی به‌ندكراوه ئێرانییه‌كانی سه‌ربه كۆماری ئیسلامی له وڵاتان، ئازادی كردوون. سه‌ره‌تای ئه‌م هاوینه به‌لجیك له بری دوو به‌ندكراو، ئه‌سه‌دوڵا ئه‌سه‌دیی راده‌ستی ئێران كرد، ئه‌سه‌دی دیپلۆماتكارێكی تیرۆریست بوو و به تاوانی هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی هۆڵێكی پاریس زیندانیی تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پابوو.