عێراق لە دەوڵەتێكی دەوڵەمەند بە نەوتەوە بەرەو هەژاریی مەترسیدار

:: AM:11:45:19/10/2023 ‌

هەرچەندە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، بەڵام ڕێژەی هەژاری لە ئاستێكی بەرزدایە بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری. پسپۆڕان ئاماژە بە پشتگوێخستنی حكوومەت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گەندەڵیی ئیداری و دارایی بەربڵاو و نەبوونی پلانێكی تۆكمە بۆ ئەم گرفتە دەكەن.


ئامارە فەرمییەكانی حكوومەت دەری دەخەن كە هەژاری گەیشتووەتە نزیكەی 21%ی دانیشتووان، لە كاتێكدا ژمارەی هەژاران بە نزیكەی 11 ملیۆن كەس لە كۆی دانیشتووانی 42 ملیۆن كەس لە عێراقدا مەزەندە دەكرێت.

داتا فەرمییەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەكەن، نزیكەی حەوت ملیۆن عێراقی مانگانە یارمەتی دارایی لە حكوومەت وەردەگرن كە پێشبینی دەكات بۆ نۆ ملیۆن زیاد بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19 تشرینی یەكەم، عەبدولزەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، بۆ پێگەی "شەفەق نیوز" ڕوونی كردەوە، ئەم ڕاپرسییە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ڕابردوو دەستی پێ كردووە و بۆ ماوەی ساڵێك بە دوو قۆناغ بەردەوام دەبێت، یەكەمیان لە كانوونی دووەمی داهاتوو كۆتایی دێت، دووەمیشیان لە مانگی یەكی ساڵی 2024 دەست پێ دەكات و لە مانگی تەمووزی داهاتوو كۆتایی دێت.

راپرسییەك كراوە بۆ ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا، 20,5 تا 21%ـە، بەپێی ڕاپرسییەكی پێشوو، عەبدولزەهرە هنداوی ئاماژەی بەوە كردووە، ئێستە دیوانی ناوەندی ئامار سەرقاڵی جێبەجێكردنی ڕاپرسییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ماڵانن لە عێراقدا.

هنداوی دووپاتی دەكاتەوە، "ئەم ڕاپرسییە پێشاندەری نوێ لەبارەی راستیی ئێستە لەڕووی هێڵی هەژاری و ڕێژەی هەژاران و هەژارترین قایمقامییەت و شارۆكەكانەوە دەخاتە ڕوو. ئەم داتایانە دەبنە زانیاری بۆ سێیەم ستراتیجی دژە هەژاریی وەزارەتەكەی." ئامادەكاری دەكات و گەیشتووەتە قۆناغە پێشكەوتووەكان.

ئەو دەڵێت، "ئەم ستراتیجە ڕەهەندە فرەییەكانی هەژاری لە بەرچاو دەگرێت كە پێوەندییان بە تەندروستی، نیشتەجێبوون، پەروەردە، داهات و خۆراكەوە هەیە، لەڕێی كۆمەڵێك سیاسەت و ڕێكارەوە كە دەسەڵاتە پێوەندیدارەكان جێبەجێی دەكەن".

بەگوێرەی نەتەوە یەكگرتووەكان، "هەژاری تەنیا پرسێكی ئابووری نییە، بەڵكو دیاردەیەكی فرەڕەهەندە كە نەبوونی داهات و توانای سەرەتایی بۆ ژیان بە كەرامەتەوە لەخۆ دەگرێت"

ڕای گەیاندووە، "ئەو كەسانەی لە هەژاریدا دەژین، بەدەست چەندان جۆری كارەوە دەناڵێنن، لەوانە كاركردنی مەترسیدار، خانووبەرەی ناپارێزراو، نەبوونی خۆراك، دادپەروەریی نایەكسان، دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستیی سنووردار."


وشە - لاڤین عومەر