ئەمەریکا ئیسرائیل ئاگەدار دەکاتەوە شەڕ دژ بە حزبوڵا ڕانەگەیەنێت

:: PM:05:51:13/11/2023 ‌
دوای ئەوەی ئەمەریکییەکان زانیاریان دەستکەوت لەبارەی ویستی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی شەڕەکە، بۆ ئەم مەبەستە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لۆید ئۆستین وەزیری بەرگریی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی گەیاندە یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل.

پێوەندییەکەى ئۆستین بۆ گالانت ئەوە دەردەخات، ئەمەریکییەکان نیگەرانن لەوەی شەڕەکە لەم بارەی ئێستا ئاڵۆزتر بێت و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵا واتە ڕاکێشانی ئەمەریکا بۆ شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حزبوڵا. 

سەرەڕای ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان بەتەواوى ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسەکانی ئیدارەی بایدن پێیان وایە، ئیسرائیل دەیەوێت بە ئەنجامدانی هێرشی پچڕپچڕ بۆ سەر لبنان، پێشهاتێک دروست بکات بۆ ئەوەی بچێتە نێو شەڕەوە دژ بە حزبوڵا، ئامانجی ئیسرائیل لەم کارە ناچارکردنی ئەمەریکایە بەوەی بە شێوازی سەربازی و مەیدانی پشتگیریی ئیسرائیل بکات دژ بە حەماس و حزبوڵا. 

لە کاتى دەست پێ کردنی گرژییەکانەوە لە بەرەی باکوری ئیسرائیل، تا ئێستە 10 سەرباز و خەڵکی سڤیلى ئیسرئیلى بوونەتە قوربانی و لای حزبوڵاش زیاتر لە 60 چەکدار و سڤیل کراونەتە ئامانج.

بەم هۆیەشەوە و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیانی، حکوومەتی ئیسرائیل لە حەوتی مانگی پێشووەوە هەڵساوە بە دوورخستنەوەی گوندنشینەکانی سەر سنووری لبنان و تا ئێستە بە نزیکەیی 10 هەزار ئیسرائیلی گوندەکانی سەر سنووریان چۆڵ کردووە. 


تا دێت ئەگەرەکانی هەڵچوونێکی لەناکاو زیاتر دەبێت لە ناوچەکە، لە ماوەی ڕابردوو لە ئەنجامی چەند هێرشێکی هەردوولاوە چەندان سڤیل بوونەتە قوربانی و وتاری هەڕەشەئامێزی هەردوولا ئەمەریکای لە دەستپێکی جەنگێکی هەرێمی ئاگەدار کردووەتەوە، جەنگێک کە ئەمەریکا بە تێوەگلانی خۆی نێوی دەبات.


وشە - ئارا هێمن