ئیسرائیل هێرشەکانی بەرەو باشووری کەرتی غەزە درێژ دەکاتەوە

:: PM:10:07:19/11/2023 ‌

 

کەمێک پێش ئێستە ئیسرائیل ڕای گەیەند، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان لە ناو کەرتی غەزە و لای خۆشییەوە مۆساد دەڵێ، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانماندا زیاتر لە سەت چەکداری حەماسمان گرتووە.

سەرەڕای ئەوەی ئێستە باس لەوە دەکرێت کە هەردوو لایەنی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمەریکا لە لێکتێگەیشتن نزیکبوونەتەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکان، بەڵام ئیسرائیل درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕادەگەیەنێت.

کەناڵی ''BBC'' لە سۆنگەی ئەم ڕاگەیاندراوەی ئیسرائیلەوە، گومانی ئەوەی خستە ئاراوە کە مەبەستی ئیسرائیل لەم ڕاگەیەندراوە درێژکردنەوەی هێرشەکانی بێت بۆ باشووری کەرتی غەزە، بە جۆرێک سوپای ئیسرائیل هاوشێوەی بەشی باکوری کەرتەکە کۆنتڕۆڵی باشوورەکەیشی بکات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ناوچەی ''خان یونس'' کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەزە، سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکەوە بەناو شارەکەدا، هۆشداریی دا بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە تا بە زووترین کات ئەو شوێنانە بەرەو خوارتر جێ بهێڵن، ئەمەیش بەوپێیەی کە بە نیازن چالاکیی سەربازی بۆ باشووری کەرتەکە درێژبکەنەوە.

ئێستە ترسی وڵاتە عەرەبییەکان لەوەیە، ئیسرائیل بە باکوری کەرتی غەزەوە نەوەستێت و بەرەو باشووری غەزەش بڕوات، بەمەیش دووبارە شەپۆلێکی تری ڕاگواستنی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان ڕووبدات و ببێتە هۆی بارگرانی بۆ وڵاتانی هاوسێی وەک میسر و ئوردن.

 



وشە - ئارا هێمن