بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كۆ دەبنەوە

:: PM:11:00:20/11/2023 ‌

تا ئێستە تەنگژەی دۆلار لە عێراق بەردەوامە، بەشێك لە شارەزایان بەردەوامیی ئەو تەنگژەیە بە بەردەوامیی كێشەی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەبارەی دۆلارەوە دەزانن، كاتێك دۆلار لە عێراقەوە بە قاچاغ و لە رێگەی بازرگانی و گەشتیاریشەوە بۆ ئێران دەچێت، ئەوەش وای كردووە ئەمەریكا مەرجەكانی دەستخستنی دۆلار لە لایەن عێراق توند بكات، بۆ باسكردنی ئەو بابەتە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كۆ ببنەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لەبارەی دۆلار و كاری بانكە عێراقییەكان كۆ ببنەوە، ئەوە لەوكاتەی بەر لە ماوەیەك هەردوولا گەیشتبوونە رێككەوتن لەسەر چەند رێوشوێنێك بۆ دابەزینی نرخی دۆلار، لەوانە زیادكردنی ژمارەی بانكەكانی دۆلاریان لە رێگەی "سیتی بانك" و "جی بی مۆرگان"ەوە بۆ دابین دەكرێت لە پێنجەوە بۆ 10 بانك، جیا لە زیادكردنی ژمارەی ئەو بانكانەی یوانی چینیان بۆ دابین دەكرێت بۆ 13 بانك و دوو بانكیش بە رووپیەی هیندستانی.

هەر ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە وڵاتەكەی پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا، باسی هاریكاریی نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكایان كرد، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆ ببنەوە و تاوتوێی چەند بابەتێك لەبارەی نرخی دۆلارەوە بكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل