لە ماوەی رابردوو، بە تایبەتی لە سەروبەندی گفتوگۆكان لەبارەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی و پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە، لەوانە یووسف كیلابی، خۆی لەسەر حیسابی كورد، بە تایبەتی ئەو فراكسیۆن و ئەندامە كوردانەی دژی ماف و شایستەكانی هەرێم وەستانەوە، خۆی كردە پاڵەوان، ئەمڕۆش لە پۆستێك دژایەتیی خۆی بۆ رەوانەكردنی بڕە قەرزێكی تر بۆ فەرمانبەرانی هەرێم راگەیاند.
لە كاتی تاوتوێكردنی بودجەی عێراق، بە تایبەتی مادەكانی پێوەست بە هەرێمی كوردستان، چەند پەرلەمانتارێكی شیعە رۆڵی زۆر خراپیان لە سزادانی خەڵكی هەرێم بینی، كە ژمارەیەك ئەندامی كوردیان بۆ ئەو مەبەستە بەكار هێنا، لە لایەك بۆ رازیكردنی هەستی شۆڤینی خۆیان، لە لایەكی تر بۆ رازیكردنی جەماوەری خۆیان، لە لایەكی تر وەك سووكایەتییەك بە كورد، بە تایبەتی ئەوانەی پاڵپشتییان لێ دەكردن بۆ سووككردنیان، جیا لە سزادانی هەرێم وەك قەوارە و حكوومەت و خەڵك و پارتیش.
ئەمڕۆ یەكشەم كیلابی لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، سبەی سكاڵایەك لەسەر بەڕێوەبەری بانك و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنیان تۆمار دەكەین، بەهۆی ئەوەی بەدەر لە یاسا قەرزیان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوە، لەو كاتەی لە كۆبوونەوەیەكی فەرمیی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەو كارە وریامان كردبوونەوە، بۆ زانیاریش حكوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك پابەندی یاسای بودجە نەبووە، هاوكات ددان بە رۆژی سەركەوتنی عێراق دانانێت و نەیكردە پشووی فەرمی.
ئەو هەڵوێستە ناڕەوایەی كیلابی كە دیارییەكی ترە بۆ ئەوانەی پاڵپشتییان كرد و دەیكەن، لە كاتێكە ئەمڕۆ یەكشەم وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم دەست پێكردنی هاتنی قەرزە 700 ملیار دینارەكەی لە بەغدا بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیاند.