هەوڵێك هەیە كێشەی حكوومەتەكانی كەركووك و دیالە لە بەغداوە چارەسەر بكرێت

:: PM:05:04:12/02/2024 ‌

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023 هاتە سازكردن و ئەنجامە كۆتاییەكان پەسند كران و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەی زۆرینەی پارێزگە عێراقییەكان دیاری كران، بەڵام هێشتا لە هەردوو پارێزگەی كەركووك و دیالە ئەو پۆستانە یەكلا نەكراونەتەوە، سەركردەیەكی شیعە ئاشكرای دەكات كە هەوڵێك لە بەغداوە هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو دوو پارێزگەیە.

ئێستە ئەندامانی ئەنجوومەنی هەردوو پارێزگەی كەركووك و دیالە بەسەر دوو بەشدا دابەش بوون و هەریەكەیان نیوە یان زیاتری كورسییەكانیان هەیە و بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان ناتوانن ببنە زۆرینە و پۆستەكان یەكلا بكەنەوە، لە كەركووك كورد و كۆتای كریستیان هەشت كورسییان هەیە و عەرەب و بەرەی توركمانیش هەشت كورسی، لە كۆی 16 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگەكە، هەرچی لە پارێزگەی دیالەیە هەمان هاوكێشە بۆ پێكهاتەكان دووبارە بووەتەوە و كێبركێیەكی توند لە نێوان عەسائیب ئەهلولحەق و بزاوی بەدری هادی عامری لەسەر پۆستی پارێزگار هەیە و كەسیان سازش بۆ یەكتر ناكەن.

عەقیل ردێنی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات كە هەردوو پارێزگەی كەركووك و دیالە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و ئەنجامی هەڵبژاردن نەیتوانی یەكلای بكاتەوە كامە بارستە دەتوانێت پۆستەكانی ئەو حكوومەتە ببات، واتە رێژەی (نیوە كۆ یەك)، دەستەبەر بكات، بۆیە ئێستە زەحمەتییەك لە دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگە و جێگری و پارێزگار بێ دروستبوونی هاوپەیمانی لەنێوان هێزە سیاسییە براوەكان دروست بووە. 

روونی كردەوە، چوارچێوە لە دۆخی ئەو دوو پارێزگەیە نیگەران نییە، بەتایبەتی فرەیی پێكهاتەكانیان وا پێویست دەكات گفتوگۆ بكەن تا دەگەنە نەخشەیەك بۆ پێكهێنانی حكوومەتە خۆجێییەكان، ئێستە جموجۆڵێكی سیاسی لەسەر ئاستێكی باڵا لە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە هەیە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامەكانی بێتە راگەیاندن بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی هەردوو حكوومەتی ناوخۆیی دیالە و كەركووك و لە چەند رۆژی داهاتوو ناوی كاندیدان بۆ پۆستەكان دێتە راگەیاندن.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل