بایدن: كار بۆ ئازادكردنی بارمتەكان دەكەین بەرانبەر بە شەش هەفتە ئاگربەست

:: AM:09:09:13/02/2024 ‌
دوای گفتوگۆی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و پاشای ئوردن، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە شەو و رۆژ  كار دەكات بۆ ئەوەی جەنگەكە رابگیرێت و بارمتەكان ئازاد بكرێن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، ئێستە گفتوگۆ هەیە بۆ ئازادكردنی بارمتەكانی ئیسرائیل كە لە بەردەستی حەماسدان، ئەویش بەرانبەر بەلای كەمەوە شەش هەفتە لە ئاگربەست. پاشای ئوردنیش گوتی دەبێ دەستبەجێ جەنگەكە بێتە وەستان.

بایدن زیاتر گوتی، ئێمە لە دانوستانە بە رژدی كار دەكەین، خۆیشم شەو و رۆژ كار لەو پرسە دەكەم تا ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە و هەردوو گەلی ئیسرائیلی و فەلەستینی لە سایەی ئاشتیدا بژین.

باییدن ئاماژەی دا كە پێویستە پارێ.گاری لە خەڵكی سڤیل لە جەنگەكەدا بكرێت، بەتایبەتی كە شەڕەكە گەیشتووەتە شاری رەفەحی باشووری كەرتی غەزە، ئەوەشم بە روونی بە ئیسرائیلییەكان گوتووە.

لەلایەكی تریشەوە پاشای ئوردن، داوای كرد كە پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست لە نێوان هەردوولای ئیسرائیلی و حەماسدا رابگەیەنرێت. 

شا عەبدوڵا زیاتر گوتی، ئێستە پێویستیمان بە ئاگربەستێكی هەمیشەیی هەیە و دەبێ ئەوە بە خێرایی بكرێت، هەر هێرشێكی ئیسرائیلی بۆ سەر رەفەح، كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 27 هەزار فەلەستینی دەكات و نزیكەی 700 هەزار كەس بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د