راپۆرتێك: هێرشی گرووپە چەكدارەكان بە فەرمانی خامنەیی وەستاوە

:: PM:09:37:20/02/2024 ‌

دوو هەفتە بەسەر كوژرانی ئەبو باقر ساعیدی، بەرپرسە سەربازییەكەی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە بەغدا لەلایەن ئەمەریكاوە تێپەڕ دەبێت، تا ئێستە هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا وەستاوە، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە وەستانی هێرشەكان بە فەرمانی راستەوخۆی رابەری شۆڕشی ئێران بووە و هۆكارەكانی ئەو بڕیارەش ئاشكرا دەكات. 

بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە گرووپە چەكدارەكان سەبارەت بە هۆكاری راستەقینەی وەستانی هێرشەكان، جیا لە هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ترسی سەرانی میلیشیاكان، باسی سێ هۆكار دەكات، یەكەم/ خواستی ئێران بۆ پاراستنی گرووپە چەكدارەكانی لە ئاشكرابوونیان بەتەواوەتی بۆ هێرشەكانی ئەمەریكا و لەناوچوونیان و دۆڕانی ئێران بەرانبەر بە ئەمەریكا، دووەم/ هەوڵدان بۆ خۆرێكخستنەوەیان بۆ داهاتوو، سێیەم/ پاراستنی حكوومەتی سوودانی لە رووخان، كە بەرجەستەی دەسەڵاتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران دەكات، لەپاڵ هەوڵێك بۆ مژینی توڕەیی و بێزاریی خەڵك لە هەڵسوكەوتی گرووپە چەكدارەكان. 

سەرچاوەكان ئەو هەواڵە رەت دەكەنەوە بەوەی هێرشەكان بە فەرمانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس وەستابن، دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو فەرمانە راستەوخۆ لە باڵاترین دەسەڵاتی ئێران، وەك ئاماژەیەك بۆ عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئەو وڵاتە دەرچووە، بۆیە ئەو ئاگربەستەی لە نێوان ئەو گرووپانە و هێزەكانی ئەمەریكا هەیە، بەهۆی ئێرانەوەیە و ئەگەری پێداچوونەوەی هەیە، واتە ئەگەری هەیە بەردەوام بێت یان لەهەر ساتێك كۆتایی بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل