چاودێران: گاڵتەجارییە بافڵ تاڵەبانی باسی سەروەریی یاسا بكات

:: PM:11:26:22/03/2024 ‌
چاودێرانى سیاسیى و یاساناسان پێیان وایە،  بافڵ تاڵەبانى خۆى پیاوێکى یاخییە لە یاسا و هیچ ئەرزشێک بۆ یاسا و ڕێساى وڵات دانانێت، کودەتا لەناوخۆى حزبەکەى دەکات و ڕکابەرەکانى بە ڕۆژى رووناک تیرۆر دەکات، کاتێ باسى ریزگرتن لە یاسا و دادگا لە پەیامى بافڵ تاڵەبانى ببیسترێت ئەوە ڕوداوێکى شۆکهێنەرە، بۆى نوسراوە و پێیان گوتووە بڵاوى بکەوە. 

ئەمڕۆ 22ی ئاداری 2024، مستەفا کەریم  چاودێرى سیاسى لە لێدوانێکى بۆ "وشە" ڕاى گەیاند، کاتێک پەیامەکەى بافڵ تاڵەبانیم خوێندەوە هەرگیز بڕوام پێی نەکرد، چونکە لەفەرهەنگى ئەو کەسە نییە باس لە سەروەرى یاسا و سەربەخۆى دادگا بکات، ئەوەى هەیە دەتوانین بە ڕاشکاوى بڵێین بافڵ تاڵەبانى ئەو پەیامەی لە دۆستەکانىەوە بۆ نێردراوە و پێیان گوتوە لە میدیاکانى خۆت و لاپەڕەكەی خۆیشتەوە وەك بەیاننامە بڵاوی بكەوە. 

ئەم چاودێرە گوتیشی، پاش ئەوەى دادگاى فیدراڵی 11 بڕیارى دژى قەوارەى دەستوورى کوردستان دەرکردووە و لە ئێستەدا بە یاسا وەڵام دەدرێنەوە، تووشى شەرمەزارى گەورە بووە و بەشێک لە بڕیارەکان بە فەرمانى ئێرانییەکان بۆ بەرژەوەندى بافڵ و یەکێتى دۆستیان دەریان کردووە، دەیانەوێت لە ڕێگەى بافڵ تاڵەبانى و میدیاکانییەوە چەواشەکارى بڵاو بکەنەوە.

لای خۆشییانەوە، شارەزایانى دەستوورىی پێیان وایە كە  بافل تالەبانی نایەوێت دادگایەکی دەستووری و سەربەخۆ هەبێت، خۆی رووبەرووی یاسا دەبێتەوەو و سزا دەدرێت وە حزبەکەی تووشی شکستی حەتمی دەبێت، دادگایەک لە بەرژەوەندی بافل و لە ژێر فشاری ئێراندا هەموو کارێکی نایاسایی بکات قبووڵكراو نییە.

پارێزەرى ڕاوێژکار کوردە محەمەد لەمبارەوە بۆ "وشە" قسەى کرد و دەڵێ، بافڵ تاڵەبانى هیچ لە دادگا و یاسا نازانێت ئەو پیاوە هەرواش پەروەردە بووە و هیچ ئەرزشێک بۆ یاسا دانەنێت، من بەرپرسم لەم قسەم، دادگا سەربەخۆ بوایە ئەوە ئێستە دەبوو بافڵ تاڵەبانى نەک کەسى یەکەمى حزبەكەی بێت،  بگرە دەبوو لە سووچى زیندان بوایە، لە بەرانبەر ئەو کارە تاوانکاریانەى ئەنجامى داون لە کوشتن و تۆقاندن و تیرۆر، كە  بە فەرمانى ئەو جێبەجێ کراون.

وتیشى، بە بافڵ تاڵەبانى دەڵێین، بەڵێ ئێوە پشتیوانى دادگایەک دەکەن لە بنەڕەتدا خۆى نایاساییە و بڕیارى نایاسایی بۆ ئێوە دەدات بە فەرمانى ئێرانییەکان، ئەگەر نا دادگاى فیدراڵى عێراق بەتەواوەتى چووەتە ژێر هەژموونى سیاسییەکانەوە و  فڕى بە یاسا و دەستوورەوە نەماوە و دووپاتیشی كردەوە كە کەس سووکایەتى بە دادگا ناکات ئەوانەى پشتیوانى یاسا و دادگا دەکەن، داواى دادگایەکى سەربەخۆى و بڕیار بەدەست دەکەن لە چوارچێوەى دەستوور بێلایەنبێ نەک دادگایەکى دەستەمۆى بەناو فیدڕاڵى.

شارەزایانى دادگا دەستووریەکان ئەوە ناشارنەوە دادگاى فیدڕاڵى عێراق، لە کارەکانى خۆى لاى داوە کە ئیشى چاودێرى و تەفسیرکردنە بۆ دەقەکانى دەستوور و یاساکان، بەڵام دادگاى فیدڕاڵى لە عێراق لە ژێر هەژموونى شیعەکان و ئێرانن، کارى بووە بە لێدان لە دژبەرەکانى دەسەڵاتدارانى ئێستەى عێراق و کلکەکانیان، لە شەقامى عێراقى و کوردستانى بە دادگایەکى دەستەمۆ دەبیندرێت و کەس بڕوا بە بڕیارەکانى ناکات و وەک دادگای سەردەمى دادگاى سەورەى سەردەمى سەدام حوسێن وەسف دەکرێت.

وشە / هەڵەبجە - عەزیز رەسوول



وشە - پۆڵا مەحموود