مووچەی مانگی سێش دێ‌

:: AM:09:03:26/03/2024 ‌
وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند، پرسی مووچە بەگشتی و مووچەی هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان، بەرەو چارەسەری دەڕوات و مووچەی مانگی سێش دێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن بە میدیاكانی راگەیاند، بۆ مووچەی فەرمانبەران و هێزە تەناهییەكانی كوردستان، لە پێوەندیدام لەگەڵ بەغدا و ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن، حكوومەتی فیدراڵی داوای ناوەكانیان كرد و وابزانم ئەوان ئیشیان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، تا ئەو ساتە چارەسەر نەبووە، بەڵام بزانین سبەی، دوو سبەی چی دەبێت.
 
بۆ مووچەی مانگی ئاداریش وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند، ئەوەی من لە سەرۆك وەزیران تێگەیشتم ئەوەیە، دەڵێ مووچەی مانگی سێ دەنێرین.
 
لەبارەی پرۆسەی هەژماری من باسی لەوە كرد، شاندێك لە بەغدان و لە گفتوگۆدان لەگەڵ لایەنی فیدراڵی، پێویستە حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتنێك لەوبارەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د