چی لەپشت گرێبەستە پێنجساڵییەكەی عێراق و ئێرانە؟

:: PM:07:10:27/03/2024 ‌

ئەمڕۆ وەزارەتی كاربای عێراق رای گەیاند كە گرێبەستێكی پێنجساڵی بۆ كڕینی غاز لە ئێران بۆ وێستەگانی بەرهەمهێنانی كارەبا واژوو كردووە، كە لەو ماوەیەدا رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەكات، ئەوە لەوكاتەی عێراق دەتوانێت لە ماوەی سێ ساڵ پێویستی خۆی لە غازی هاوەڵی دەرهێنانی نەوت پڕ بكاتەوە، راپۆرتێك هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن، لە چەند ساڵی رابردوو عێراق هاوردەكاری سەرەكیی زیاتر لە 80%ی كارەبای ئێران بووە، چوار هەزار مێگاوات كارەبا بەپشتبەستن بە غازی ئێران یان راستەوخۆ دەكڕێت، لەوكاتەی عێراق رۆژانە 44 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەم دێنێت و 38 ملیۆن مەتر سێجاش غازی هاوەڵ دەستووتێنێت، لەوكاتەی رۆژانە پێویستی بە هاوردەكردنی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی هەیە.

شارەزایان وای دەبینن كە سوودنەبینین عێراق لە غازی هاوەڵی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ چەند هۆكارێكی سیاسی دەگەڕێتەوە، لەوانە گوشارەكانی تاران لەسەر هێزە سیاسییەكان بۆ ئەوەی عێراق لە بەرهەمهێنانی كارەبا هەر پشت بە غازی ئێران ببەستێت، هەروەها ئەنجامنەدانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە، جیا لە رێگریەیكان لە هێنانی كارەبا لە وڵاتانی تری وەك ئوردن و كەنداو و توركیا.

شایەنی باسە خەرجییەكانی وەزارەتی كارەبا لە 2021 تا 2023 گەیشتووەتە 80 ملیار دۆلار، بەوەش خەرجییەكانی ئەو وەزارەتە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار، كە لەچاو دۆخی خراپیی كارەبا ژمارەیەكی گەورەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل