حكوومەتی عێراق گازی كوردستان دەكڕێت

:: PM:12:09:28/03/2024 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕای گەیاند، "حكوومەتی عێراق دەیەوێت سوود لە گازی كێڵگەی كۆرمۆر وەربگرێت، لە وەرزی هاویندا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای ناوچەی باكور، دەست دەكەن بە كڕینی گازی ئەو كێڵگەیە. 

ئەحمەد مووسا عەبادی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕای گەیاند، ئاراستەی حكوومەت ئەوەیە، گازی كێڵگەی كۆرمۆر بكڕێت، بەو پێیەی كوالێتیی گازەكە باشە و پێداویستی وێستگەكانی ناوچەی باكور دابین دەكات. 

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق بۆ "رووداو" گوتی، "كاری یەكەم ئەوەیە ئەو گازە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان پڕ بكاتەوە، ئەگەر گاز لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت و زیاد بێت، بێگومان وەزارەتی كارەبا سوورە لەسەر كڕینی ئەو گازە".

 گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژە بەوەش دەكات، ئێستە كە وەرزی بەهارە، خواست لەسەر كارەبا نییە و بارگرانی لەسەر تۆڕی كارەبا نییە، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو وەرزی هاوین و زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا زۆر دەبێـت، ئەوكات بێگومان بابەتی كڕینی گازی كۆرمۆر كارا دەبێت، بەو پێیەی بەشێك لە پێداویستییەكانی گازی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین دەكات.



وشە - سۆران عەزیز