پەرلەمانی فڕەنسا پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:08:21:28/03/2024 ‌


لە میانی پێشوازیكردن لە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاریس، ئەمڕۆ پێنجشەم سەرۆكی كۆمیسیۆنی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی فڕەنسا، پاڵپشتی و پشتگیریی خـۆی و پەرلەمانی وڵاتەكەی بۆ گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوو لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فڕەنسا، سەردانی تەلاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی فڕەنسایان لە پاریس كرد و لەگەڵ جۆن لویس بورلانژ، سەرۆكی كۆمسیۆنی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی فڕەنسا كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باسی بارودۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا، لای خۆیەوە لویس بورلانژ، رۆلی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند.

لە كۆتاییدا سەرۆكی كۆمسیۆنی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی فڕەنسا، پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی و پەرلەمانی وڵاتەكەی بۆ گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

دوێنێش شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسای كرد و لەگەڵ ئیمـانوێڵ سوكێ، جێگری بەرپرسی كاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقیا و ستافی وەزارەت كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی وڵات تاوتوێ كرا.

جێگری بەرپرسی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، پاڵپشتیی حكوومەتی فڕەنسایان بـۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، ئاماژەیان بـەوە دا كـە وڵاتەكەیان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە كوردستان. لە كۆتاییدا ئیمانوێل سوكێ بە شاندی هەرێمی كوردستانی راگەیاند كە كار دەكەن بۆ باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پاریس.


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل