بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە حكوومەت، ئان سەڵاح پێشكەشكاری دیاری كەناڵی عێراقییە دەردەكرێت، رۆژنامەنووسەكەش دەڵێت، لە ڕەخنەگرتن بەردەوام دەبم.
كچە شۆخوشەنگەكەی كەناڵی عێراقییە، ئان سەڵاح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، "دوای هەشت ساڵ لەسەر شاشەی عێراقییە، ئەمڕۆ سەعات 11 لە كاتێكدا بڕیار بوو لە بەرنامەی "جلگە" بم، بەڵام پێیان گوتم بەرنامەكە ڕاگیراوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە لە سۆشیال میدیا لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەكانی ژیان تۆ قسەت كردووە".
"لێكۆڵینەوەم لەگەڵدا كرا و سزا درام، لە شاشەی تەلەڤزیۆنەكە دەركرام، بەفەرمانی سەرۆكی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقییە گواسترامەوە بۆ ڕادیۆ، هەموو ئەوەش لە ماوەی 24 سەعاتدا ڕووی دا، وەك ئەوەی تاوانێكی گەورەم كردبێت، هەموو ئەوەی توانیان لەگەڵیان كردم، تەنیا ئەوە ماوە بمكوژن". ئان سەڵاح وای نووسیوە.
بڕیاری گرانكردنی ئۆتۆمبێل و بەنزین و هەندێك لە پێداویستییەكانی تری ژیان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لە چەندان شاری عێراق خۆپێشاندان كرا، بڕیارە سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتیش لەسەر ئەو بابەتە بانگێشتی پەرلەمان بكرێن.