بلینکن: پشتیوانی دەسەڵاتی فەلەستینین

:: PM:05:18:02/04/2024 ‌
ئەنتۆنی بلینکن لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی ڕاگەیاند، پشتیوانی لە حکوومەتە نوێیەکەی بەرەی ڕۆژئاوا دەکەن و داوا لە کابینە کاتییەکە دەکەن ڕێکارەکانی چاکسازی بگرنە بەر و هەنگاو بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بنێن. 

دوای ئەوەی محەمەد مستەفا وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی دەسەڵاتی فەلەستینی دەستبەکار بوو، ئەمڕۆ دووی نیسان ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێوەندیی تەلەفۆنی بە مەحموود عەباسەوە کرد و دەستخۆشی لە سەرۆکەکەی فەلەستین کرد بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە کردوویانە.

بلینکن داوای لە مەحموود عەباس کردووە، گەندەڵی بنبڕ بکەن و ببنە دەسەڵاتی دڵخوازی فەلەستینییەکان لە هەردوو بەرەی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، لە بەرانبەردا وەزیرەکەی دەرەوەی ئەمەریکا بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی بە گەرەنتی تەناهییەوە بۆ ئیسرائیل داوە بە مەحموود عەباس. 

لای خۆیەوە مەحموود عەباس داوای لە بلینکن کردووە، ئیسرائیل دەست بە جێ کۆتایی بە هێرشەکەی بۆ سەر کەرتی غەزە بهێنێت و ڕێگە بە هاوکارییە مرۆییەکان بدرێت بگاتە دەستی غەزە. 

ئێستە دەنگۆی ئەوە هەیە هەردوو پارتی فەتح و بزوتنەوەی حەماس ڕێککەوتن بکەن لەبارەی بەستنی هەڵبژاردنێکی بەپەلە لە بەرەی ڕۆژئاوای فەلەستین، بەڵام هێشتا چەندان بەربەست هەیە لەبەردەم ڕێککەوتنی نێوانیان.


وشە - ئارا هێمن